بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی سەر سنوور ئێران – عێڕاق لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە تەقەی لێ کرا و پێکایان و لە ئاکامدا گیانی لەدەستدا.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە کوردە "حسێن فەرەجی" خەڵکی ئاوایی "ئارمردە"ی ناوچەی بانە راگەیەندراوە. ناوبراو تەمەنی ٦٣ ساڵ و باوکی پێنج فرزەند بووە.
بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، تەرمی حسێن فەرەجی لە نەخۆشخانەی بانە رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە کەشێکی ئەمنیدا بردوویانەتەوە لە ئاوایی ئارمردە بە خاکی ئەسپەردە بکەن.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.