کوردستان بەرزترین نرخی هەڵاوسانی لە سەر ئاستی ئێراندا هەیە 

ناوەندی ئاماری حکومەتی ئیسلامی ئیران لە دوایین راپۆرتی خۆیدا، دۆخی نرخی هەڵاوسانی لە پارێزگاکانی ئێران بڵاوکردەوە. 

ناوەندی ئاماری ئێران نوێترین زانیاری لە سەر نرخی هەڵاوسانی لە پارێزگاکانی ئێران راگەیاند. بەپێی ئەم راپۆرتەی بڵاوبۆتەوە، پارێزگای قوم بۆ بنەماڵەی شارنشین و بنەماڵەی گوندنشین، کەمترین ئاستی هەڵاوسانی لە سەر ئاستی ئێراندا هەیە. 
بۆ بنەماڵە شارنشینەکان لە سەرانسەری ئێران رێژەی ئاڵوگۆڕ  لە بەراوردی نرخەکاندا لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی رابردوو لەسەدا ٤٦.١ بووە. ئەمەش یانی ئەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان لە مانگی گوڵانی ١٣٩٩ بە بەراورد لەگەڵ مانگی گوڵانی ئەمساڵ ٤٦ لەسەد هەرزانتر بووە. 
بەپێی ئەم راپۆرتە، بەرزتری ئاستی هەڵاوسان بۆ بنەماڵە شارنشینەکان لە سەر ئاستی ئێران بە بەراورد لەگەڵ پارەکە، پارێزگای ئیلام بە ڕێژەی ٥٥.٧ لەسەد بووە و نزمترین رێژەی هەڵاوسانیش لە پارێزگای قوم بووە بە رێژەی ٤١.٥ لەسەد. 
هەروەها نرخی هەڵاوسان لە ماوەی ١٢ مانگدا بۆ بنەماڵە شارنشینەکان رێژەکەی لەسەدا ٤٠.٥ بووە و بەرزترین نرخی هەڵاوسان لە ماوەی ١٢ مانگدا هەڵدەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای کوردستان بە رێژەی ٤٦ لەسەد و نزمترین ئاستی هەڵاوسانیش لەو ماوەیەدا لە پارێزگای قوم بووە بە رێژەی ٣٧.٤ لە سەد. 
بەڵام بنەماڵە گوندنشینەکان لە سەر ئاستی هەموو ئێراندا پشکی زیاتریان لە نرخی هەڵاوسان لە ساڵی رابردوودا وەبەر کەوتووە. لەم ئامارەشدا گوندنیشینەکانی پارێزگای قوم گوشاریان کەمتر لە سەر بووە و رێژەی هەڵاوسان لە ئاواییەکانی پارێزگای قوم لە هەموو گوندەکانی ئێران کەمتر بووە. 
لە مانگی گوڵانی ئەمساڵ ١٤٠٠ دا رێژەی ئاڵوگوڕی بەراوردەکان بە گشتی لە چاو مانگی گوڵانی پارەکە، بۆ بنەماڵە گوندنشینەکان سەدی ٥١ بووە. ئەمەش بەم مانایەیە بنەماڵە گوندنشینەکان پێنج لە سەد پتر لە چاو بنەماڵە شارنشینەکان تووشی هەڵاوسان بوون و تێچوو و خەرج و مخاریجی ژیانیان لە شارنشینەکان زیاترە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular