هانا: رۆژی یەکشەممە یەکشەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٣٠ مەی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان بریندار بووە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "محەممەد رەحمانی" خەڵکی بانە راگەیەندراوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەم کۆڵبەرە لە سنووری "سەرتەزێن"ی بانە بە بێ ئاگادار کردنەوە و دەنگدان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەی لێ کراوە و لە ئاکامدا بە توندی بریندار بووە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.