سەقز: کچێکی ١٧ ساڵان کۆتایی بە ژیانی هێنا 

رۆژی یەکشەممە ١٧ی رشەمەی ١٣٩٩ – ٧ی مارسی ٢٠٢١، کچێکی ١٧ ساڵ خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی سەقز کۆتایی بە ژیانی هێنا. 

هەواڵنێری "هانا" لەم راپۆرتەدا رایگەیاند: 
سەر لە بەیانی یەکشەممە ١٧ی رەشەمە کچێکی ١٧ ساڵان دوای خواردنی چەند حەب، پەتی لە ملی هاڵاندووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ناسنامەی ئەم کچە تازەلاوە "ئاڵا ئیبراهیمی" ١٧ ساڵ خەڵکی گوندی "تایربداغ" لە ناوچەی سەقز راگەیاندراوە. 
هەواڵنێری "هانا" لە درێژەدا وتی: زۆر وێدەچێ هۆکاری سەرەکی "ئاڵا ئیبراهیمی" بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی، بارودۆخی نالەباری بەڕێچوونی بنەماڵەی ناوبراو و گرفتی کۆمەڵایەتی بووبێت. 
ناوبراو کاتێک دایک و باوکی و خوشکە گەورەکەی دەچن بۆ سەقز، پەنا دەباتە بەر ئەم کارە و تا گەڕانەوەی بنەماڵەکەی هیچکەس لە ماڵێدا نەبووە. 
تەرمی ئەم کچە تازەلاوە بە هۆی کەمبوونی پزیشکی دادوەر لە سەقز، هێشتا هەر لە ساردخانەی نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارەیە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular