بۆسە و تەقەی راستەوخۆیی هێزەکانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆڵبەران رۆژانە قوربانی دەستێنێت.
رۆژی ١شەممە ١٩ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ٧ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "رەعوف دارینە" لە سەر سنووری بانە بە هۆی تەقەی راستەوخۆیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەستدا و کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی "رزگار رەحیمی" بە تووندی بریندار بوو.
هەروەها بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ رۆژی ٥شەممەی رابردوو رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ١ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی، سەبارەت بە تەقەی راستەوخۆیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر سنوور، کۆڵبەرێک گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوە هەواڵنێرییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان باس لەوە دەکەن هەر لە ماوەی حەوتووی رابردوودا لە بازنە سنوورییەکانی بانە و نزیک بەرزاییەکانی "بروشکانی" چەند کۆڵبەری کورد بەهۆی تەقە لێکردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تووندی بریندار کراون.
جێگای ئاماژەیە لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆی تەقە لێکردنی راستەوخۆیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی پەرەی سەندووە و وێڕای ئەوەیکە هەواڵەکانی پێوەست بە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە دەستی هێزەکانی رژیم بەردەوام بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وێڕای بێدەنگی هیچ هیچ حەولێک لەم بوارەوە نادەن.