بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کامران سوڵتانی، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە شاری بۆکان، کە لە ساڵی ١٤٠٤ پاش تێپەڕینی نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو، بۆ جێبەجێ کردنی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیری بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گوێزراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە وەرگیراوەکان، ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پاش بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان و سەردانی کردنی ئەو لقە، دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بۆ زیندانی ئەم شارە گوێزراوەتەوە.
کامران سوڵتانی لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، لە پێوەندی لەگەڵ سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوێزرایەوە. ناوبراو لە ماوەی سێ مانگ و نیو دەستبەسەربوون لەو شوێنەدا، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە و لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکان بۆ زیندانی بۆکان گوێزرایەوە.
ئەم هاووڵاتییە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ حەوت هاووڵاتیی دیکە، بە تۆمەتگەلێکی وەک «محاربە»، «افساد فیالارض»، «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات» ڕووبەڕوو بووەوە و زیاتر لە دوو ساڵ و نیوی بە دەستبەسەریی کاتی و چارەنووس نادیاری لە زیندانی بۆکاندا بەسەر برد. لە ساڵی ١٤٠٤دا، بڕیاری دەستبەسەریی کاتیی ناوبراو گۆڕدرا بۆ بارمتە و تا کاتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
دانیشتنی دادگایی کردنی ئەم هەشت هاووڵاتییە لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بەڕێوە چوو. لە ڕەوتی ئەم پێڕاگەیشتنەدا، کامران سوڵتانی بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلان بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات» سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە، لە هەمان دۆسیەدا، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی موحسین ئیسلامخواز، محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ مەعرووفی، بە تۆمەتەکانی «محاربە» و «افساد فیالارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
