ڕاپۆرتی هانا لەسەر گیان لەدەستدانی گوماناویی شیلان کۆسە، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ، لە مەهاباد

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە گیان لەدەستدانی گوماناویی شیلان کۆسە، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، نیگەرانیی خۆی لەسەر ناڕوونییەکان لەسەر هۆکاری مەرگی ئەم مێرمنداڵە و پێویستیی بەدواداچوونی دادوەری دەردەبڕێت.

شیلان تەنیا ١٥ ڕۆژ دوای هاوسەرگیری، لە ماڵی هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرەکەی گیانی لەدەست دا. بنەماڵەکەی گومانیان لە گێڕانەوەی باسکرانی خۆکوژی هەیە و داوای ڕوونکردنەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی دەکەن.


بەپێی وتەی شەبنەم محەمەدپور، دایکی شیلان، کچەکەی لە کاتژمێرەکانی پێش گیان لەدەستدانیدا خەریکی خۆ ئامادەکردن بووە بۆ بەشداریکردن لە میواندارییەکی خێزانیدا. ناوبراو ڕایگەیاندووە کاتێک گەیشتووەتە شوێنەکە، شوێنەواری گوشار لەسەر ملی کچەکەی بینراوە، لە کاتێکدا کە هێشتا قژی تەڕ بووە و دەموچاوی ماکیاژکراو بووە.

دایکی شیلان هەروەها باسی لە ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ هاوسەرەکەی و بنەماڵەی هاوسەرەکەی، و هەروەها هەڵسوکەوتی خراپ و گوشارە دەروونییەکان کردووە. لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شیلان پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەم مێرمنداڵە چەند ڕۆژ پێش گیان لەدەستدانی بەدواداچوونی بۆ درێژەدان بە خوێندن و ناونووسین لە قوتابخانەی گەورەساڵاندا کردووە.


هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە وتەی بنەماڵە و بینراوەکانی کەسانی ئاگادار، هەرچەندە بۆ لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان گرینگن، بەڵام بەتەنیا بەس نین بۆ سەلماندنی کوشتن یاخود خۆکوژی. دیاری کردنی هۆکاری گیان لەدەستدان پێویستی بە لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتی توێکاریی تەرم، شوێنەوارەکانی سەر لەش، دۆخی شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکە، وتەی کەسانی ئامادەبوو و پێشینەی شیمانەکراوی توندوتیژی یان هەڕەشە هەیە. هەروەها پێویستە هەر جۆرە گوشارێکی ئەگەری لەسەر بنەماڵەکە بۆ خۆبواردن لە تۆمارکردنی سکاڵا لێک بدرێتەوە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ئەنجامێکی فەرمی و جێگەی پشتپێبەستن لە لێکۆڵینەوەکانی پزیشکیی دادوەری و دادوەری نەکەوتووەتە بەردەستی هانا.


دۆسیەی شیلان، جیا لە هۆکاری کۆتاییی گیان لەدەستدانەکەی، جارێکی دیکە کەموکووڕییە بنەڕەتییەکانی یاساکانی ئێران لە پاراستنی منداڵان لە بەرامبەر هاوسەرگیریی پێشوەختەدا دێنێتە ئاراوە. لە سیستەمی یاساییی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پێناسەیەکی یەکگرتوو بۆ منداڵ نییە کە ببێتە بنەمای پاراستنێکی وەک یەک لە هەموو بوارە یاسایییەکاندا. مادەی ١٢١٠ی یاسای مەدەنی، تەمەنی پێگەیشتنی کچانی بە ٩ ساڵی تەواوی مانگی دیاری کردووە و مادەی ١٠٤١یش هاوسەرگیریی کچانی خوار ١٣ ساڵی بە ڕێپێدانی سەرپەرشتیار و دیاری کردنی بەرژەوەندی لەلایەن دادگاوە بە ڕێگەپێدراو زانیوە. کەواتە یاسا نەک هەر هاوسەرگیریی پێش تەمەنی ١٨ ساڵی قەدەغە نەکردووە، بەڵکوو دەرفەتی هاوسەرگیریی کچانی لە تەمەنی زۆر کەمیشدا هێشتووەتەوە.


ئەم دۆخە لە باری کەسیی شوێنکەوتووانی مەزهەبەکانی ئەهلی سوننەدا، لەوانە مەزهەبی شافعی لە کوردستان، ڕەهەندی یاساییی دیکەی هەیە. بەپێی ئەسڵی دوازدەهەمی یاسای بنەڕەتی و یاسای ڕێگەپێدانی ڕەچاوکردنی باری کەسیی ئێرانییە ناشیعەکان پەسندکراوی ساڵی ١٣١٢، یاسا و ڕێساکانی ئایینیی ئەوان لە بابەتەکانی مارەبڕین و تەڵاقدا، بە ڕەچاوکردنی سنووردارکردنە یاسایییەکانی پەیوەندیدار بە نەزمی گشتی، لە دادگاکاندا فەرمین. لە فیقهی نەریتیی شافعیدا، دەزگای «ویلایەتی ئیجبار» دەسەڵاتێکی بەرفراوان دەداتە باوک و باپیری باوکی بۆ مارەکردنی کچی کچێنە(پاکیزە)، تەنانەت بەبێ ڕەزامەندیی ڕاشکاوی خۆی؛ هەرچەند ئەم دەسەڵاتە لە خودی ئەو فیقهەشدا مەرجدار کراوە. بەفەرمی ناسینی دەسەڵاتێکی لەم شێوەیە، بەبێ دەستەبەرکردنی کاریگەری ڕەزامەندیی ئازادانە و هۆشیارانەی کچەکە و پاراستنی سەربەخۆییی ئەو، لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی مافی منداڵاندا دژبەیەکە.


سەرەڕای ئەمەش، هانا جیاوازی دادەنێت لەنێوان ڕەخنەگرتن لەم یاسایانە و دۆخی تایبەتی شیلاندا. بەپێی وتەی دایکی، شیلان خۆی حەزی لەم هاوسەرگیرییە کردووە و دایک و باوکی لە سەرەتادا دژایەتییان کردووە. کەواتە لە زانیارییە بەردەستەکاندا، هیچ بەڵگەیەک بۆ خستنەپاڵی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەلایەن بنەماڵەکەیەوە نییە. پرسی سەرەکی ئەوەیە کە تەنانەت ڕەزامەندیی ڕواڵەتیی کچێکی ١٥ ساڵیش بەرپرسیارێتیی یاسادانەر و دامەزراوە پێوەندیدارەکان لە پاراستنی تەندروستی، ئاسایش، خوێندن و مافەکانی ئەو لانابات.

پێگەیشتنی شەرعی یان ڕەزامەندیی دایک و باوک ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی کەمترین تەمەنی یاساییی هاوسەرگیری و ئەو پاراستنە تایبەتانەی کە منداڵان پێویستیان پێیەتی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، بێلایەنانە و کاریگەر سەبارەت بە گیان لەدەستدانی شیلان کۆسە، تاوتوێکردنی هەموو ئەو ئیدعایانەی هاتوونەتە ئاراوە دەربارەی توندوتیژی و هەڵسوکەوتی خراپ، و ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە بنەماڵەکەی دەکات. هانا هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی دیاریکردنی ١٨ ساڵ وەک کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری بەبێ هیچ هەڵاواردنێک، هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لەسەر بنەمای ویلایەتی ئیجبارین لە هاوسەرگیریدا، و گونجاندنی یاسا ناوخۆیییەکان لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لە بواری مافی منداڵاندا دەکاتەوە. مەرگی شیلان نابێت پێش ڕوونکردنەوەی هۆکار و هەلومەرجی ڕوودانی، بە ناودێرکردنی یەکلاکەرەوە بە خۆکوژی یان هەر ناوێکی دیکە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونی کاریگەری دادوەری وەلا بنرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین