ئازادکردنی کاتی نیما ئەحمەدی بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی

نیما ئەحمەدی خوێندکاری دەرکراوی خەڵکی سنە،ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ هاوکات لەگەڵ سێیەمین ساڵیادی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی لە بەردەم دەروازەی گۆڕستانی ئایچیی سەقز و بە پەنابردنە بەر توندوتیژی و لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

نیما ئەحمەدی بە تۆمەتی (تێکدانی نەزمی گشتی) لە دەستبەسەریدا بوو. بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکانی هانا ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا و هەروەها لە ماوەی ڕاگرتنیدا لە دەستبەسەرگەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دراوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە.

ئازادکردنی ناوبراو بە دانانی بارمتە بە واتای کۆتاییهاتنی ڕێوشوێنە دادوەرییەکان نییە و دۆسیەی پێوەندیدار بە تۆمەتە پاڵدراوەکەی هێشتا کراوەیە.

دەستبەسەرکردنی نیما ئەحمەدی هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی بانگهێشتکردن،دەستبەسەرکردن و گوشارە ئەمنییەکان دژ بە هاووڵاتییان و چالاکوانان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و لە لێواری ساڵیادی ژینا ئەمینی دا.هانا پێشتر لە ڕاپۆرتێکی جیادا ئەم شەپۆلە لە دەستبەسەرکردن و ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییانەی وەکوو بەڵگە بە دۆکیۆمێنت کردووە.

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها