ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە دەرکردنی سزای زیندانی هەڵپەسێردراو و جەریمەی نەغدی بۆ جەماڵ خودارەحمی و هێرش ناوگران لە سنە

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، جەمال خودارەحمی و هێرش ناوگران، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، لە دوو دۆسیەی جیاوازدا لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندانی هەڵپەسێردراو و جەریمەی نەغدی سزا دراون.

جەمال خودارەحمی ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە تا کاتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی ئازاد کرا. لە بەردەوامیی پرۆسەی دادوەریی دۆسیەکەیدا، ناوبراو بە دوو ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی چوار ملیۆن تمەن جەریمەی نەغدی سزا دراوە، ئەم بڕیارە لە مانگی ڕەزبەردا بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

لە دۆسیەیەکی جیاوازدا، هێرش ناوگران چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە، ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان لە دوای چوونەژوورەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی تایبەتیی خۆی دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر ماوەی شەش مانگ بەندکرانی خۆی لە زیندانی ناوەندیی سنە تێپەڕاندبوو.

بەپێی زانیارییەکانی هانا، ناوبراو لە دۆسیەیەکی تریشدا بە سێ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو سزا دراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە پرۆسەی دەستبەسەرکردن و دەرچوونی ئەم بڕیارانە دەردەبڕێت. بنەما سەرەکییەکانی یاسای دادبینیی سزایی ئێران، لەوانە بنەمای بێتاوانی (اصل برائت)، یاساییبوونی سنووردارکردنی ئازادی و مافی بەرگریی کاریگەر، بەرپرسانی دادوەری پابەند دەکەن بە پاراستنی گەرەنتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە. یاسای بنەڕەتییش داکۆکی لە ئازادیی بیروڕا، مافەکانی تاک و کۆبوونەوە هێمنانەکان دەکات.

ئەم پابەندییانە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لە ماددەکانی ٩، ١٤، ١٩ و ٢١ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە. هەر جۆرە سنووردارکردنێک لەسەر ئازادی، ڕادەربڕین یان چالاکیی مەدەنی دەبێت خاوەنی بنەمایەکی یاسایی ڕوون، پێویستییەکی دیاریکراو و هاوسەنگی بێت لەگەڵ ئەو ئامانجە شەرعییەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت.
ئەگەر بنەمای ئەم ڕاوەدوونانە چالاکیی مەدەنی، دەربڕینی بیروڕا یان بەشداریی هێمنانەی ئەم دوو هاووڵاتییە بووبێت، سەپاندنی سزای سزایی، تەنانەت لە چوارچێوەی بەنـدی هەڵپەسێردراو و غەرامەی نەقدییدا، لەگەڵ ئەو پابەندییانەی ئاماژەیان پێکرا ناگونجێت. مانەوەی بڕیاری بەنـدی هەڵپەسێردراویش دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کەسەکە لەژێر مەترسیی جێبەجێکردنی سزادا بهێڵێتەوە و لە کردەوەدا کاریگەرییەکی ترسێنەر و ڕێگریکەر لەسەر چالاکییە مەدەنییەکانی دابنێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای گەرەنتیی تەواوی مافەکانی بەرگریی جەمال خودارەحمی و هێرش ناوگران و پێداچوونەوەی کاریگەر بە هەر بڕیارێکدا دەکات کە لە پێوەندی لەگەڵ بەکارهێنانی هێمنانەی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیاندا دەرچووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین