بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی موستەفا شەریفی خەڵکی شارستانی پیرانشار،لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان،ئەم بەندکراوە پێنج ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی تاوانەکانی پێوەندیدار بە (ماددە هۆشبەرەکان) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە،حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی زیاتر لەسەر وردەکارییەکانی پرۆسەی دادگاییکردن، کاتی بنبڕبوونی حوکمەکە، یان دواین چاوپێکەوتنی ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.
