کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندەرێکی دیکەی لەسێدارە دا،سیاوەش جەمشیدی خەیرئابادی لە سێدارە درا.

بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمی میدیای دەسەڵاتی دادوەری، حوکمی لەسێدارەدانی سیاوەش جەمشیدی خەیرئابادی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری شەهرەکورد، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی وا بڵاوکراونەتەوە ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ١٨ی بەفرانبەردا دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتگەلێکی وەک (مۆحارەبە لە ڕێگەی کێشانی چەکی گەرم و تەقەکردن پێی) و (کۆبوونەوە و هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات) خرابووە ژێر چاودێری و ڕاوەدوونانی یاسایی و لە کۆتاییدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی جێبەجێکردنی حوکمەکە، هیچ زانیارییەکی سەربەخۆ و ڕوون لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان، دەستڕاگەیشتنی سیاوەش جەمشیدی خەیرئابادی بە پارێزەری دڵخوازی خۆی، ئەو بەڵگانەی دادگا پشتی پێ بەستوون و ڕێژەی ڕەچاوکردنی مافەکانی بەرگرییکردنی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە. لە دۆسیەیەکی ئاوهادا کە کۆتاییەکەی بە سەندنی مافی ژیان دێت، هەر جۆرە سنووردارکردنێک لە دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر و نەبوونی ڕوونی لە ڕەوتی دادگاییکردنەکەدا، پرسیاری جدی لەسەر ڕەچاوکردنی دەستەبەرە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە دروست دەکات.

لەسەر بنەمای ئامارە بڵاوکراوەکان، بە جێبەجێکردنی ئەم حوکمە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ٢٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ەوە تا ئێستا لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەفرانبەردا لەسێدارە دراون، گەیشتووەتە لانی کەم ٣٢ کەس. لە هەمان ماوەدا،دوو لە دەستبەسەرکراوانی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی (ژن، ژیان، ئازادی)یش لەسێدارە دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەردەوامیی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدان لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکان، بە پێشێلکارییەکی جدیی مافی ژیان و هۆکاری نیگەرانیی قووڵ سەبارەت بە بەکارهێنانی سزای مەرگ لە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکاندا دەزانێت. جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دۆخێکدا کە تەمومژ و ناڕوونی لەسەر سەربەخۆیی پێڕاگەییشتن، دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر و ڕەچاوکردنی تەواوی مافەکانی بەرگرییکردن هەیە،لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری مافی ژیان و دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا ناکۆکە.

هانا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدان لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکان، بڵاوکردنەوەی زانیاریی تەواو لەسەر ڕەوتی پێڕاگەییشتنی دادوەری و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی کاریگەری هەموو تۆمەتباران بە پارێزەری سەربەخۆ و مافەکانی بەرگرییکردن بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین