بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، خزر (شەماڵ) ڕەسوڵ مەڕوەت، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، پاش دەستبەسەرکران، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕەوانە کراوە.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، پێشتر بەڕێز ڕەسوڵ مەڕوەت لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحەد سیامی، بە تۆمەتی (پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات) سزای یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێنرابوو.
ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گوازرایەوە. ناوبراو دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرا و نزیکەی سێ مانگ دواتر، بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.
شایانی باسە، خزر ڕەسوڵ مەڕوەت پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانییەوە پێشینەی دەستبەسەرکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی دادوەریی هەبووە.
