ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕادەگەیەنێت کە عەبدولڕەحمانی عەبدوڵڵاهیپوور لە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە، پاش دەستبەسەر کرانی لە تورکیا بۆ ناوەندی دیپۆرت کردنەوەی ئاکیۆرت لە ئانکارا گواستراوەتەوە. لەبەر هەستیار بوونی دۆخی ناوبراو، تاکوو ئێستا زانیاریی ڕوون و بڕواپێکراو لەسەر بنەمای حقووقیی درێژ کردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکران، شیمانەی بڕیاری دەرکران و ئەگەری دەست ڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر وە بەر دەستی هانا نەکەوتوون.
گواسترانەوەی عەبدوڵڵاهیپوور بۆ ناوەندی دیپۆرت، بە سەرنج دان بە دۆخی نیشتەجێ بوون و ئەگەری دەست پێکردن یان بەردەوامیی ڕەوتی دەرکردنی، نیگەرانیی جیددیی لەسەر ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ ئێران دروست کردووە. هانا جەخت دەکاتەوە کە عەبدوڵڵاهیپوور بە هۆی چالاکیی مافی مرۆڤی و هاوکاریی بەردەوام لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەیەدا، لە ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ ئێران بەرەوڕووی مەترسیی دیاریکراوی دەستبەسەر کران، لێپرسینەوەی ئەمنیەتی، سزادان، ئەشکەنجە یان شێوەی تری هەڵسوکەوتی نەشیاو دەبێتەوە.
بنەمای پێشگرتن بە گەڕاندنەوە، لە حاڵەتگەلێکدا کە مەترسیی ڕاستەقینەی ئەشکەنجە، هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە یان زیانی گیانیی جیددی لە ئارادایە، دڵنیایی دانەوەیەکی بنەڕەتیی یاسایی نێونەتەوەییە. مەترسیی لەو چەشنە دەبێت پێش جێبەجێ کردنی هەر بڕیارێکی دەرکردن، بە شێوەی تاکەکەسی، سەربەخۆ و ڕیئال لێک بدرێتەوە. هیچ بڕیارێک لەسەر کۆچبەران پێش ئەوەی کە ئەو کەسە دەستی بە پارێزەر، وەرگێڕ یان ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ دەربڕینی دەنگ بگات، نابێت بە ئەنجامی گەڕاندنەوەی ئەو کەسە بۆ وڵاتێک بگات کە تێیدا گیان، ئازادی و تەواوێتیی جەستەی لە مەترسیدایە.
هانا لە کاربەدەستانی تورکیا داوا دەکات بەخێرایی هەلومەرجی حقووقی و یاساییی عەبدوڵڵاهیپوور ڕوون بکەنەوە، دەست ڕاگەیشتنی نهێنی و کاریگەر بە پارێزەر دابین بکەن، ئەگەری بەکارهێنانی تەواوی ڕێگەکانی دەربڕینی ناڕەزایی و پشتگیریی نێونەتەوەیی وە بەردەستی بنێن و هەتا کۆتاییی لێکدانەوەی حقووقی و هەڵسەنگاندنی مەترسی، دەست لە هەر کارێکی وەک دەرکردن یان ڕادەست کردنەوە بە ئێران ڕابگرن.
هەر وەها، هانا داوای لە ڕیزی پێشەوەی چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕێوشوێنەکانی پاراستنی چالاکانی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئورووپا، ڕێکخراوی جیهانیی دژایەتی ئەشکەنجە و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی تری چالاک بۆ پشتگیریی لە چالاکانی مافی مرۆڤ ئەوەیە کە بە پەلە لە دۆخی عەبدوڵڵاهیپوور بکۆڵنەوە و بۆ دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر، پشتگیریی یاسایی و پاراستن، بەدواداچوونی هەلومەرجی دەستبەسەر کران و لە ئەگەری پێویستیدا، بۆ دابین کردنی توانای گواستنەوەی بەپەلەی بۆ شوێنێکی ئەمن، تێبکۆشن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە لە هەلومەرجی ئێستادا، هەر شێوە گەڕاندنەوەیەکی عەبدولڕەحمانی عەبدوڵڵاهیپوور بۆ ئێران بەبێ دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر و بەبێ بوونی توانای دەربڕینی ناڕەزایەتیی قەزایی و لێکۆڵینەوەی تەواو لە مەترسییەکان، دەتوانێت لێکەوتەی قەربوونەکراوەی بۆ گیان و ئەمنیەتی ئەو کەسە ببێت. هانا داوای کردەوەی بەپەلە بۆ دڵنیا بوونەوە لە ماف، ئەمنیەت و پاراستنی ئەو لە گەڕاندنەوەی زۆرەملێ دەکات.
