بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەشەناوخۆییی ناوەندێکی خوێندنی ئامادەییی کوڕانەی شەوانەڕۆژی «شەهید موتەهەری» لە شاری زەڕینەی سەر بە شارستانی دیواندەرە، لە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوییەوە و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کراوەتە بنکەی جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان.
بەردەوامیی مانەوەی ئەم هێزانە لە بەشەناوخۆیییەکەدا، ئەو قوتابییانەی بێبەش کردووە لە مافی بەکارهێنانی شوێنی حەوانەوە کە زۆربەیان لە گوندەکان و ناوچەکانی دەوروبەری زەڕینەوە بۆ درێژەدان بە خوێندن لەم قوتابخانەیەدا ناونووسییان کردووە. ئەم قوتابییانە ئێستا ناچارن ڕۆژانە هاتووچۆ لە نێوان شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و قوتابخانەکەدا بکەن، ئەوەش کێشە و ئاستەنگیی زۆری بۆ ڕەوتی خوێندن و هاتوچۆیان دروست کردووە.
پێش جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان، بەهۆی شەوانەڕۆژبوونی خوێندنگەکەوە، بەشەناوخۆییی ئەم ناوەندەی خوێندنی ئامادەیی شوێنی مانەوە و حەوانەوەی ئەو قوتابییانە بوو کە لە گوندەکان و دەوروبەرەوە بۆ خوێندن دەهاتنە زەڕینە.
جێگەی ئاماژەیە، هانا پێشتریش ڕاپۆرتێکی لەسەر جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان لە قوتابخانەیەکی شاری بانە و بەردەوامیی مانەوەیان لەو ناوەندە پەروەردەیییەدا بڵاو کردبووەوە.
