بە پێی ئەو زانیارییانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، ئارژین جوندی، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار، لە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥ لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنی ئیسلام کاک دەروێشی لە ئەندامانی سپای پاسداران دەستبەسەر کراوە.
نزیکەی دە ڕۆژ دوای دەستگیرکردنەکە، میدیاکانی سەر بە دەوڵەت گرتەی ڤیدیۆیی لێدوانەکانی ئەو منداڵەیان بڵاوکردەوە کە تێیدا دان بەوەدا دەنێت کە بەشداری لە کوشتنی کاک دەروێشیدا کردووە. هانا زانیاریی پێگەیشتووە کە ئەم لێدوانانە لە ژێر فشار بەبێ دەستگەیشتنی کاریگەری ئارژین بە پارێزەر و مامەڵەی خراپدا بەدەست هێنراون.
ئارژین جوندی دوای کۆچی دوایی باوکی لەگەڵ بنەماڵەی مامی لە گوندی “کەوپەر”ی سەر بە شاری پیرانشار دەژیا. ئێوارەی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥ ئیسلام کاک دەروێشی لەم گوندەدا لە لایەن چەکدارەکانەوە تەقەی لێکرا و لە ئەنجامی سەختی برینەکانی گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی دواتر، پەیوەندییە گشتییەکانی ئیتلاعاتی سپای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستگیرکردنی تاکێکیان لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی ناو و تەمەنی ئاشکرا بکات، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو کەسەی دەستبەسەرکراوە ئەنجامدەری ئەو هێرشە بووە و ئەو چەکە بەکارهێنراوەش لە دەستی دەرهێنراوەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتوون، دوای ئەم ڕووداوە، بنەماڵەی کاک دەروێشی ئارژینیان بە هاوبەشی لە کوشتنەکەدا تۆمەتبار کردووە و ماڵی مامی وێران کراوە. هەروەها هانا هەواڵی پێگەیشتووە کە ئارژین لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە ژێر گوشاردا بووە و لە مافی چاوپێکەوتنی خێزانەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە. بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی، مەرجەکانی دەستبەسەرکردن، شێوازی لێکۆڵینەوە و شێوازی وەرگرتنی لێدوانەکانی گرنگییەکی یاسایی تایبەتیان هەیە.
ئارژین لە کاتی ڕووداوەکەدا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە و لە ڕووی یاساییەوە مافی پاراستنە تایبەتییەکانی دیاریکراو بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی هەیە. مادەی ٣٨ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرچەشنە ئەشکەنجەیەک بۆ دەرهێنانی دانپێدانان یان وەرگرتنی زانیاری قەدەغە دەکات و دانپێدانانێک کە لە ژێر گوشاردا بەدەست هاتووە بە نادروست دەزانێت. هەروەها لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتووە کە دانپێدانانێک کە بە زەبری هێز، بە زۆر، ئەشکەنجە، یان دەستدرێژی جەستەیی یان دەروونی بەدەست هاتبێت، نادروستە. بۆیە ئەگەر ڕاپۆرتەکانی فشار یان خراپ مامەڵەکردن ڕاست بن، ناتوانرێت ئەو لێدوانانەی لە ئارژین وەرگیراون وەک بنەمای دانپێدانانێکی دروست بۆ سزادانی هەژمار بکرێت.
دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر لە کەیسێکدا کە تۆمەتی وەها جددی تێدایە، تەنیا ئیمکانێکی شکڵی نییە، بەڵکو گەرەنتییەکی بنەڕەتییە بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە. یاسای دادوەری تاوانەکان بە تایبەت لەو تاوانانەی کە ڕەنگە سزای زۆر توندیان هەبێت پارێزگاری تایبەت لە حاڵەتەکانی پەیوەست بە منداڵان و مێرمنداڵان دیاری کراوە. لێپرسینەوە لە منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵان کە دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەقینە و کاریگەری بە پارێزەر نییە، بە تایبەت لەو هەلومەرجەی کە ڕەنگە لێدوانەکانی لە دژی بەکاربهێنرێت، نیگەرانییەکی جددی لەبارەی ڕەچاوکردنی ئەو گەرەنتیانە دروست دەکات.
بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆ و لێدوانانەی کە پێش دادگاییکردنەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئارژین جێگەی نیگەرانییە. گریمانەی بێتاوانی پێویستی بەوەیە کە پێش دەرکردنی بڕیاری کۆتایی هیچ تۆمەتبارێک بە تاوانبار نەناسرێت. ئەم پاراستنە لە حاڵەتی منداڵاندا گرنگترە، چونکە پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندی و کەرامەتی منداڵ لە هەموو قۆناغەکانی ڕێوشوێنی تاوانکاریدا مەرجێکی بنەڕەتی دادپەروەری بۆ منداڵانە. بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی منداڵێک پێش دادگاییکردنەکە دەتوانێت جگە لە پێشێلکردنی تایبەتمەندییەکانی، کاریگەری لەسەر کەشوهەوای دادگاییکردنەکە و گریمانەکردنی بێتاوانی هەبێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان پابەندە بە پاراستنی منداڵان لە ئەشکەنجە، مامەڵەی نامرۆڤانە و دانپێدانانی زۆرەملێ. ئەم پابەندبوونانە بە هەستیاری زیاترەوە بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، کارپێدەکرێت و دەسەڵاتداران پێویستە دڵنیابن لەوەی کە هەر لێدوانێک کە لەلایەن تۆمەتبارێکی منداڵەوە دەدرێت بە ئازادی و بەبێ زۆرکردن و بە ڕێزگرتنی تەواو لە مافەکانی بەرگریکردن، وەرگیرابێت.
پرسی تەمەن گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە لە ڕووی ئەگەری سەپاندنی سزای لەسێدارەدان. هەرچەندە ماددەی ٩١ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا ئەگەری جێبەجێنەکردنی سزای گەورەساڵان بۆ کەسانی خوار ١٨ ساڵ لە هەندێک تاواندا کە حەد یان قساسیان لەسەرەی پێشبینی کردووە بەڵام ئەم بڕگەیە قەدەغەکردنی ڕەهای سزای لەسێدارەدان بۆ منداڵان دانەناوە.
لەبەرامبەردا ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانێک کە کەسێک پێش گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی ئەنجامی داوە قەدەغە دەکات، پێوەر لەم ڕووەوە تەمەنی ئەو کەسەیە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی خۆی لە بارەی باری جەستەیی و دەروونی ئارژین جوندی و ڕاپۆرتەکانی گوشار و مامەڵەی خراپ بۆ دەرهێنانی دانپێدانان، ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر و خێزانەکەی و بڵاوکردنەوەی لێدوانەکانی، دەردەبڕێت.
هانا داوای گەرنتیکردنی ئاسایشی ئەو منداڵە، دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر و خێزانەکەی و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ و دەستبەرداربوون لە هەر پشتبەستنێک بەو لێدوانانەی کە لە ژێر فشاردا بەدەستیان هێناوە دەکات.
هانا هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە سەرنجدان بەوەی کە ئارژین لە کاتی ڕووداوەکەدا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە، دەرکردن یان جێبەجێکردنی سزای سێدارە یان قەساسی نەفس، پێشێلکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری مافەکانی منداڵانە.
