گیانلەدەستدانی کرێکارێکی خەڵکی جوانڕۆ بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٠ی ژوئینی ٢٠٢٦)، کرێکارێک بە ناسنامەی «محەممەد بەهرامی»، خەڵکی جوانڕۆ، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.
لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، ئەم کرێکارە لە کاتی کارکردن بە بەرزکەرەوەی (بالابەر) بیناسازی و لە پاشهاتی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، تووشی برینی قورس بوو و گیانی لەدەست دا.
ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە دۆخی ئیمنیی ژینگەکانی کار و بەردەوامیی پێشێلکردنی مافەکانی کرێکاران زەق دەکاتەوە. کەمیی کەرەستەی ئیمنیی ستاندارد، نەبوونی چاودێریی کاریگەر لەسەر جێبەجێکردنی ڕێساکانی پاراستنی تەکنیکی و کەمتەرخەمی بەرانبەر بە پێویستییە ئیمنییەکان لە ژینگەکانی کاردا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی کارەساتە کوشندەکان بۆ کرێکاران هەژمار دەکرێن.
بەردەوامیی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە دابینکردنی ئیمنیی ژینگەی کار و پاراستنی گیان و تەندروستیی هێزی کار لە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی خاوەنکاران و ناوەندە بەرپرسەکانە. دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە نیشاندەری لاوازی لە جێبەجێکردنی ڕێسا ئیمنییەکان و ناکارامەیی میکانیزمەکانی چاودێرییە لە گەرەنتی کردنی مافی کرێکاران بۆ سوودمەندبوون لە مەرجی کاری ئارام و ستاندارد.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین