بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، شێرزاد(بێهروز) قاسمی، لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی ئیلام، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، دوای چەند هەفتە مانەوە لە نەخۆشخانە، بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەستداوە.
ئەم ڕووداوە بەرەبەیانی ٦ی خەرمانان، نزیک کاتژمێر سێ، لە شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەم لاوە ڕوویداوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، بێهروز قاسمی لە کاتی پشوو وەرگرتن لە ژووری خەوەکەی چەندین فیشەکی بەرکەوتووە. دوای ئاگاداربوونی دراوسێکان و ئامادەبوونی پۆلیس و تیمی پزیشکی، ئەو بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە و بە هۆی سەختی برینەکانیەوە چووەتە حاڵەتی کۆماوە. هەوڵی پزیشکەکان بۆ نجاتدانی ئەو لە کۆتاییدا شکستی هێنا و دوای چەند هەفتە گیانی لە دەستدا.
دەربارەی ئەنجامدەر یان ئەنجامدەرانی تەقەکردنەکە گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەیە. بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، نەریمان قاسمی باوکی بێهروز بەرپرسیارێتی ئەم کوشتەی لە ئەستۆ گرتووە. لەگەڵ ئەمەش، ژمارەیەک لە کەسوکاری کوژراوەکە ئیدیعایان کردووە کە زڕ خوشک و زڕ براکانی تەقەیان کردووە و باوکی بنەماڵەکە بۆ ڕێگریکردن لە دەرەنجامە دادوەرییەکان بۆ منداڵەکانی، بەرپرسیارێتی کوشتنەکەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە. هانا ناتوانێت بە شێوەی سەربەخۆ ئەم ئیدیعایە پشتڕاست بکاتەوە.
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی بکوژ یان بکوژەکان یان تەقەکەرەکان و ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دادوەری و پۆلیس بە شێوەی فەرمی ڕوون نەکراوەتەوە و ڕاپۆرت سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی کەسانی تر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دۆسیەیە لە بەردەستدا نیە.
