کوژرانی لەتیفە محەمەدزادە دوای پێشینەی توندوتیژی خێزانی و هەڕەشەی کوشتن لە سەقز

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥، تەرمی لەتیفە محەمەدزادە، تەمەن ٤٩ ساڵ، خەڵکی سەقز، بە شوێنەواری برینی سەختی چەقۆ لە نزیک ئاوایی قەرەناو دۆزراوەتەوە. تەرمی ناوبراو لە پزیشکی دادوەری بۆ ئەوەی هۆکار و کاتی مردنی دیاری بکرێت، هێڵراوەتەوە.

لەتیفە محەممەدزادە دایک و سەرپەرشتی منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بوو. بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ئەو لە کاتی ژیان لەگەڵ هاوسەری دووەمی ئومید فەیزی ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بووەتەوە و پێشتریش ئەو بابەتە خراوەتە بەردەم دادگا، بەڵام هاوسەرەکەی بە بێتاوان دەرچووە.

هەڕەشەکان دوای جیابوونەوەشیان بەردەوام بوون و هاوسەرە پێشووەکەی بەم دواییە بە سەردانیکردنی شوێنی کارەکەی محەمەدزادە هەڕەشەی کوشتنی لێکردبوو.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ئەنجامدەر یان ئەنجامدەرانی کوشتنەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە و هانا بەرپرسیارێتیەکە ناخەتە سەر تاکێکی دیاریکراو. بەڵام مێژووی توندوتیژی و هەڕەشەکانی پێشوو دەبێ جێگەی سەرنجی لێکۆڵینەوەکان بێت.

هانا جەختی دەکاتەوە کە نابێت ئەم جۆرە کوشتنانە لە “ناکۆکییە خێزانییەکان”دا کورت بکرێتەوە. ژنکوژی توندترین جۆری توندوتیژی ڕەگەزییە و زۆرجار کۆتایی زنجیرەیەک هەڕەشە، کۆنترۆڵکردن، توندوتیژی جەستەیی و دەروونییە کە ژنان لە دەرفەتی ڕۆشتن و دەربازبوون بە سەلامەتی بێبەش دەکات. بەرپرسیارێتی حکومەت تەنها لە سزادانی بکوژەکەدا سنووردار نییە دوای ئەوەی تاوانەکە ئەنجامدرا.

دەزگاکانی دادوەری و جێبەجێکردنی یاسا ئەرکیان لەسەر شانە کە هەڕەشەکانی پێشوو بە جددی وەربگرن، مەترسییەکان هەڵسەنگێنن و پشتگیرییەکی دەستبەجێ و کاریگەر پێشکەش بکەن. پشتگوێخستنی هەڕەشە ناسراوەکان و نەبوونی میکانیزمی پشتیوانی کاریگەر، ژنان لە بەرامبەر توندوتیژی کوشندە بێ بەرگری دەکات و باڵنەرە لە بەردەوامبوونی ژنکوژی.
هانا بەدواداچوون بۆ ڕەهەندەکانی ئەم ڕووداوە دەکات و دواتر ڕاپۆرتێکی تەواوکەر بڵاودەکاتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین