بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، «ندا دەدەجانی» و «ستایش (بەهنووش) سەرابی»، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قوروە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەستبەسەر کرابوون، بە گشتی سزای شەش ساڵ بەندکران، چوار ساڵ دوورخستنەوە و لێدانی ٦٢ قامچیان بەسەردا سەپێندرا.
لەسەر بنەمای حوکمی دەرچوو لەلایەن دادگای شۆڕشەوە، هەر کام لەم دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتگەلێکی وەک «کۆبوونەوە و تەگبیر دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی»، سزای سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری، دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری نیکشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و لێدرانی ٣١ قامچیان بەسەردا سەپاوە.
ندا دەدەجانی و ستایش سەرابی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری قوروە دەستبەسەر کران و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سنە، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە گواسترابوونەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە هانایان ڕاگەیەندراوە کە ئەم دوو هاووڵاتییە لە تەواوی قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن و پێڕاگەییشتنی دادوەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە بێبەش کرابوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دەرکردنی سزای قامچی بە پێشێلکردنی قەدەغەی ئەشکەنجە و ڕەفتاری نامرۆڤانە و سووکایەتیپێکراوانە دەزانێت. هەروەها سەپاندنی سزای دوورخستنەوە دەبێتە هۆی دابڕانی ئەوان لە بنەماڵە و ژینگەی ژیانیان و وەک گوشارێکی دوو قات بۆ سەر مەحکوومەکان و خزمەکانیان ئەژمار دەکرێت.
هانا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمانە، ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای قامچی و پێڕاگەییشتنی دووبارە بەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە دەکات.
