محەممەد ڕەزایی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی «نۆژین» بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، محەممەد ڕەزایی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، دوای سەردانی ناوەندی دادوەری، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هانای ڕاگەیاند: «محەممەد ڕەزایی ئەمڕۆ بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکەی چووەتە دادگا، کە لە کۆتاییی دانیشتنەکەدا حوکمی سزادانی پێ ڕاگەیەندراوە و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی بۆ زیندان گواستراوەتەوە.»

بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەم چالاکە مەدەنییە لە تەواوی قۆناغەکانی دادگاییکردندا، ئەو تۆمەتانەی خرابوونە پاڵی وەک تۆمەتی بێ‌بنەما ناساندووە و ڕەتی کردوونەتەوە.

محەممەد ڕەزایی لە چالاکانی مەدەنیی ناسراوی شاری دێولان و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی «نۆژین»ە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە ڕووبەڕووی دۆسیەی دادوەری و حوکمی بەندکران بووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە بەردەوامیی گوشارە ئەمنی و دادوەرییەکان دژی چالاکانی مەدەنی، جەخت لەسەر پێویستیی ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادرەسیی دادپەروەرانە، گەرەنتی کردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و ڕەچاوکردنی تەواوی مافە یاسایییەکانی تۆمەتباران دەکاتەوە. هانا هەروەها داوای شەفافیەت لە پرۆسەی پێڕاگەییشتن بە دۆسیەی چالاکانی مەدەنی و کۆتاییهێنان بە ڕەفتارە ئەمنییەکان بەرانبەر بە چالاکییە مەدەنییە ئاشتیخوازانەکان دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین