دەستبەسەرکرانی توندوتیژانەی جەمال روستەمی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، جەمال روستەمی، تەمەن ٥٧ ساڵ، خەڵکی شاری کامێران و لە ئەندامانی دەزگای خێرخوازی (شایەنی) شاهینی، سەر لە بەیانی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی بە شێوەی سەرەڕۆیانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم شارۆمەندە لە ئاوایی شایەنی کامێران و لە بەرچاوی ئەندامانی خێزانەکەی بە لێدان و بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە.

هەروها ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژ جارێکیتر هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپا هەڵیانکوتاوەتە سەر خانەباغی شەخسی ئەو، سەرەڕای درووست کردنی کەشی ترس و دڵەڕاکێ بۆ ئەندامانی خێزانەکەی، شوێنەکەیان بە تەواوەتی پشکنیوە.

تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، بنەماڵەی روستەمی، لە سەر شوێنی ڕاگیران، بارودۆخی جەستەیی و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی هیچ جۆرە زانیارییەکیان نیە. دامودەزگا ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکرنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە.

دەستبەسەکردنی سەرەڕۆیانەی کەسەکان، ڕاگوێزان بۆ شوێنی نادیار و بێبەش کردنی بنەماڵە لە زانیاری سەبارەت بە بارودۆخی کەسانی دەستبەسەر کراو، نموونەی ڕوونی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێی شارۆمەندانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین