جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سەلمان کاکە خانی (قەپلانتو) لە بەندیخانەی ناوەندی تەورێز

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەر لە بەیانی سێشەممە ٢٣ی پوشپەڕی ١٤٠٥، سزای سێدارەی سەلمان کاکەخانی، بەندکراوی خەڵکی شاری بانە، لە بەندیخانەی ناوەندی تەورێز جێبەجێ کراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، سەلمان کاکەخانی نزیک سێ ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی ١٤٠٢، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی تەورێزەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرابوو.

بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، جێبەجێ کرانی ئەم سزایە لە کاتێکدا بووە کە هاوسەری ئەم بەندکراوەیە نزیک مانگێک لەمەوبەر بە هۆی تەزوویی کارەباوە گیانی لە دەستداوە. لە ئەنجامدا منداڵە تەمەن ١٢ ساڵەکەی ئەم خێزانە بە لەدەستدانی دایک و باوکی لە ئێستادا هیچ سەرپەرستێکی نیە.

تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سەلمان کاکەخانی لە لایەن میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە فەرمی ڕانەگەنراوە. هەروەها هیچ زانیاریەکی سەربەخۆ، لە سەر وردەکانی پڕۆسەی دادگایی کردن، ئەگەری دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر و باقی گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە، بڵاو نەکراوەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین