بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥، کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە بە بەکارهێنانی مووشەک و درۆن، بارەگای حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردووەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئۆردوگای حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی «زەرگوێزەڵە»، بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی «جەژنیکان» و هەروەها بارەگای ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی «بەعشیقە» کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ، لەو شوێنانە بوون کە کراونەتە ئامانج.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر زیانە گیانییە ئەگەرییەکان و ڕێژەی زیانە داراییەکانی بەهۆی ئەم هێرشانەوە لەبەر دەستدا نییە.
