بیانیه‌ی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنی:

​حکوومەتی مەرگ لە بەردەم مافی زانیندا؛ ئازادیی چاپەمەنی لە چنگی سانسۆر، سەرکوت و پچڕانی ئینتەرنێتدا

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە بۆنەی سێی مەی، ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنی، جەخت لەسەر پێگەی بنەڕەتیی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی میدیا و دەستڕەسیی ئازاد بە زانیارییەکان دەکاتەوە. ئازادیی چاپەمەنی تەنیا مافی ڕۆژنامەنووس بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ نییە؛ بەڵکوو شێوەیەکی دامەزراوەیی مافی کۆمەڵگەیە بۆ زانین، چاودێریکردنی دەسەڵات، دۆزینەوەی ڕاستی و دادخوازی. کۆمەڵگەیەک کە میدیای ئازادی نەبێت، لە بەرامبەر گەندەڵی، توندوتیژیی دەوڵەتی، هەڵاواردن و سەرکوتدا بێ‌بەرگری دەمێنێتەوە.

​لە کۆماری ئیسلامیدا، ئازادیی چاپەمەنی نەک هەر سنووردار، بەڵکوو بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت کراوە. میدیای سەربەخۆ وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی سەیر دەکرێت و ڕۆژنامەنووس، نووسەر و هاووڵاتی-ڕۆژنامەنووس بە تۆمەتگەلێکی وەک «پڕوپاگەندە دژی نیزام»، «بڵاوکردنەوەی درۆ»، «شێواندنی بیروڕای گشتی» و «هاوکاری لەگەڵ دوژمن» دەکرێنە ئامانجی ڕاوەدوونان، دەستبەسەرکردن، هەڕەشە، دوورخستنەوە و سڕینەوە. لە پێکهاتەیەکی وەهادا، هەواڵ دەبێتە تاوان و ڕاستی لەگەڵ دەزگای ئەمنی و دادوەریدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

​هانا جەخت دەکاتەوە کە دەستڕەسیی ئازاد، ئەمن و یەکسان بۆ ئینتەرنێت یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی مافی زانین و مەرجێکی ڕاستەقینەی ئازادیی چاپەمەنی لە سەردەمی ئێستادایە. پچڕان و سنووردارکردنی درێژخایەنی ئینتەرنێت لە ئێران، تەنیا تێکدانی پەیوەندییەکان نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکی ڕێکخراوە بۆ دابڕانی کۆمەڵگە لە ڕاستی، ڕێگریکردن لە بەدۆکۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، کپکردنی دەنگی قوربانیان و پچڕانی پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ جیهان.

​کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە میدیای ئازاد و ئینتەرنێتی ئازاد، ئەشکەنجە، گەندەڵی، سێدارە و سەرکوت لە تاریکی دەهێنێتە دەرێ و هەڵاواردنی سیستماتیک دژی ژنان، کەمینە نەتەوەیی، ئەتنیکی، زمانەوانی، ئایینی، مەزهەبی، ڕەگەزی و جێندەرییەکان، کرێکاران، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵە دادخوازەکان دەخاتە بەردەم ویژدانی گشتی. هەر بۆیە، دوژمنایەتی حکوومەت لەگەڵ چاپەمەنی ئازاد و ئینتەرنێتی ئازاد، لە ڕاستیدا دوژمنایەتییە لەگەڵ هۆشیاری، وەڵامدەرەوەبوون و مافی بنەڕەتیی خەڵک بۆ زانین.

​لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، هیچ حکوومەتێک مافی ئەوەی نییە بە بیانووی ئاسایشی نەتەوەیی، ڕێکخستنی گشتی یان بەرژەوەندیی سیاسی، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی میدیا و دەستڕەسیی خەڵک بە ئینتەرنێتی ئازاد لە بنەڕەتەوە لەناو ببات. هەر جۆرە سنووردارکردنێک لەسەر دەربڕین و پەیوەندییەکان دەبێ تایبەت، یاسایی، پێویست، گونجاو و لەژێر چاودێریی مەرجەعێکی دادوەریی سەربەخۆدا بێت. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا بنەما لەسەر سەرکوتە و ئازادی بۆ پرسێکی مەرجدار، نائەمن و کاتی، کەم کراوەتەوە.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەرکوتی سیستماتیکی میدیاکان، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، چالاکانی میدیایی و هاووڵاتی-ڕۆژنامەنووسان بە توندی ئیدانە دەکات و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ‌مەرجی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە بەهۆی دەربڕین، ڕاپۆرتدان یان بەرگریکردن لە مافی کۆمەڵگە بۆ زانین، دەستبەسەر، مەحکووم، هەڕەشە لێکراو یان ناچار بە بێدەنگی کراون.

​هانا هەروەها داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێ بە سانسۆر و فلتەرینگ، لابردنی سنووردارکردنی ئینتەرنێت، هەڵوەشاندنەوەی یاسا ناڕوون و ئەمنییەکان دژی میدیاکان، زامنکردنی سەربەخۆیی میدیاکان، پشتگیریی کاریگەر لە ئەمنییەتی ڕۆژنامەنووسان و لێپرسینەوە لەو بەرپرسانە دەکات کە دەستیان هەبووە لە سەرکوتی ئازادیی چاپەمەنی و بێبەشکردنی خەڵک لە مافی زانین.

​ئازادیی چاپەمەنی ئیمتیازی حکوومەت نییە؛ مافی خەڵکە. تا ئەو کاتەی لە ئێراندا ڕاستی تاوان بێت، ڕۆژنامەنووس تۆمەتبار بێت و ئینتەرنێت ئامرازی کۆنترۆڵی ئەمنی بێت، قسەکردن لە دادپەروەری، یاسا و وەڵامدەرەوەبوون بێ‌مانایە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین