ئەمجەد ئەمینی لە سەروبەندی چوارەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا: «ئێمە تەنیا کچێکمان هەبوو، ئەویان لێمان ساند»

لە سەرووبەندی چوارەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی، ئەمجەد ئەمینی، باوکی، بە بڵاوکردنەوەی دەقێک باس لەخەم و پەژارەی نەبوونی کچەکەی دوای چوار ساڵ دەکات کە هێشتا بۆ بنەماڵەکەی هەر قورس و تازەیە .

ڕوو لە ژینا دەنووسێت: «بۆ ئێمە، تۆ هێشتا هەر ئەو فریشتەیەی کە بە هەر نیگایەک و پێکەنینێکت ، دەستی میهرەبانی ڕۆژگارت بەسەر ژیانی ئێمەدا دەهێنا.»

باوکی ژینا بە ئاماژەکردن بە هاودەردیی بەرفراوانی خەڵک دوای گیانلەدەستدانی کچەکەی زیادیکردووە: «ئێمە تەنها یەک کچمان هەبوو و ئەویان لێمان ساند؛ بەڵام خۆشەویستیی خەڵک، هەزاران منداڵی دیکەی بۆ بنەماڵەکەمان هێنا.»

ئەو هەروەها لەو ئازارە دەنووسێت کە تێپەربوونی کات ناتوانێت بیسڕێتەوە؛ ئازاری باوک و دایکێک کە هەموو ڕۆژێک لەگەڵ نەبوونی منداڵەکەیان ژیان دەکەن .

ئەمجەد ئەمینی لە کۆتاییدا جەختی لە بەردەوامبوونی دادخوازی کردووە و هیوای ئاشکرابوونی ڕاستی خواستووە و نووسیویەتی: «ژینا گیان، کچی نازدارم، ناو و یادت تا دوا هەناسە لەگەڵمانە.»

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین