بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ سەهەند نیکخا، منداڵی ١٦ ساڵان و خوێندکاری ڕشتەی بیرکاری فیزیک و خەڵکی ئیلام، دوای ٢٣ ڕۆژ دەستبەسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردنی ئازاد کرا.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان ئەم منداڵە لە ماوەی ١٨ ڕۆژی یەکەمی دەستبەسەرکرانیدا،لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزراوە.
سەهەند نیکخا ڕۆژی ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥،بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
شایانی باسە،تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە،هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم منداڵە کراون بڵاو نەکراوەتەوە و لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە.
