هانا؛ ئەمڕۆ سێشەممە “٢٥ی ئۆکتۆبری٢٠٢٢” دوای تێپەڕ بوونی یەک مانگ لە دەستبەسەر بوونی شارۆمەندێک بە ناوی ” محەممەد ڕەزا ئەفرنکان ” تەمەن ١٦ ساڵ، کوڕی ئەکبەر خەڵکی شەهرەک شەهریاری ورمێ، هیچ زانیاریەک لە بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی لە بەر دەستا نیە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزەکانی سپاە لە حەوتووی یەکەمی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بە کوشتنی حکومەتی مەهسا ئەمینی ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٦ ساڵەیان بە بێ بڕیاری قەزایی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوەتەوە.
دەستبەسەر کردن، هەڕەشەو ئازار و ئەشکەنجەی منداڵان و خوێندکاران دوور لە یاسا و ڕەوشتی مرۆڤایەتیە و تەنیا ڕێگای دەستهەڵگرتنی حکومەت لەو جۆرە کارانە، ڕاگەیاندنی دەستبەجێی دەستبەسەر بوون یا ئازار و ئەشکەنجەی منداڵان و خوێندکاران، لە لایەن بنەماڵە و مامۆستاکانەوە.
بێ گومان کۆماری ئیسلامی بۆ بەرگری کردن لە بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵانە، بنەماڵەکان دەخاتە ژێر زەخت یا خود بە بەڵێنی ئازاد کردنی زوبەزوی منداڵەکانیان بێدەنگیان دەکات. بەڵام بە پێی ئەزموونی ڕابردوو نابێ لە هەمبەر هەڕەشەکانیان بێدەنگ ببن و دەبێ ئەم خاڵە لە بەر چاو بگرن کە ڕاگەیاندنی دەستبەجێ باشترین ڕێگایە بۆ پاراستنی گیانی دەستبەسەر کراوان.