چارەنووسی شارۆمەندێکی کورد نادیارە 

نزیکەی دوو حەوتوویە هێزە ئەمنییەکان شارۆمەندێکی کوردیان گرتووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و هیچ زانیارییەک لە بارودۆخی ژیان و شوێنی دەسبەسەرکردنی لە بەردەستدا نییە.  

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "محەممەد ئارغا" خەڵکی شاری "شووت" راگەیەندراوە. 
بە پێی راپۆرتێک کە هاوکارانی هانا رەوانەیان کردووە، "محەممەد ئارغا" رۆژی چوار شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (١٤ی ئاوریلی ٢٠٢١)، هاوکات لەگەڵ کوژرانی شارۆمەندێکی کورد بە ناوی "ئەحمەد ئەرسەن" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی ماکۆ، وێڕای دوو کەسی تر بە ناوەکانی "شەهرام ئەرسەن" ١٦ ساڵ تەمەن و "عەلی" خەڵکی ماکۆ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو. 
جێگای ئاماژەیە سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی "محەممەد ئارغا" لە ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ئەم شارۆمەندە کوردە، بەڵام وەڵامیان نەداونەوە و هیچ زانیارییەکیان لە بابەت دۆخی ناوبراو پێ نداون. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لە لایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular