ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی جیددی لە بەردەوامیی نادیاری بارودۆخی “لوقمان پورمەند”، هاووڵاتی کوردی تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی ئاوایی دزەی مەرگەوەری ورمێ، دەردەبڕێت.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، لوقمان پورمەند لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٤، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. لەدوای دەستگیرکردنییەوە، زانیاری ڕوون و فەرمی سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و دەسەڵاتی بەرپرسیار لە دەستگیرکردنەکەی و دۆخی دۆسیەکەی و هەر تۆمەتێکی ئەگەری نەدراوە بە بنەماڵەکەی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسوکارەکەیدا بە پەیوەندی تەلەفۆنی سنووردار کراوە. هەروەها ڕێگری لێکراوە لە دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر و لە چاوپێکەوتنی خێزانەکەی بێبەش بووە.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، کاتێک کەسێک لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ئازادییەکەی لێ زەوت دەکرێت و دواتر چارەنووس یان شوێنی ڕاگرتنی دەشاردرێتەوە، بە شێوەیەک کە لە پاراستنی یاسایی دووری دەخرێتەوە، دۆخەکە دەتوانێت بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ پێکبهێنێت. بەم پێیە، نادیار شوێنی لوقمان پورمەند و بێبەشکردنی لە گەرەنتییە ئەساسییە یاساییەکان، نیگەرانییەکی جددی دەوروژێنێت کە لەوانەیە لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا بێت.
بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ یەکێکە لە توندترین شێوەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و مافەکانی وەک ئازادی و ئاسایشی کەسی، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، پاراستن لە ئەشکەنجەدان و لە هەندێک حاڵەتدا مافی ژیان دەخاتە مەترسییەوە. ئەم کردەوەیە ئەگەر بە قەبارەیەکی بەرفراوان یان بە شێوەیەکی ڕێکخراو دژی دانیشتووانی مەدەنی ئەنجام بدرێت، دەکرێت بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار بکرێت.
هەروەها کەڵک وەرگرتن لە دەستبەسەرکردنی نهێنی، شاردنەوەی شوێنی دەستبەسەرکردن و پچڕاندن یان سنووردارکردنی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەر، شێوازگەلێکن کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی و ناڕازییان بەکاری هێناوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ بە بەرپرسیاری پاراستنی ژیان، تەندروستی و ئاسایشی لوقمان پورمەند دەزانێت و داوای ڕاگەیاندنی خێرا و شەفافانەی شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی یاسایی ئەو و دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بەبێ بەربەست و کۆتاییهێنان بە هەر دەستبەسەرکردنێک لەدەرەوەی چاودێری و پاراستنی کارایی یاسایی دەکات.
