نادیاری چارەنووس و بارودۆخی حاسڵ فەقری دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەهاباد

ئەو زانیارییانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون باس لە نادیاری چارەنووس و بارودۆخی حاسڵ فەقری، شارۆمەندی تەمەن ٣١ ساڵ، خەڵکی ئاوایی “کەرێزەی شێخان” و دانیشتووی مەهاباد، دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکان، دەکەن.

حاسڵ فەقری کوڕی حوسێن، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە مەهاباد بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و بەدواداچوونی بنەماڵەکە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەو ئەنجامێکی نەبووە. هەروەها ئەو شارۆمەندە لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

لە کاتێکدا کە بنەماڵەی حاسڵ فەقری چاوەڕوانی هەواڵێکن لە کوڕەکەیان، دامودەزگا بەرپرسیارەکان تا ئێستا دەربارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و بارودۆخی دۆسیەکەی هیچ زانیارییەکیان نەخستووەتەڕوو. ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە و دەزگای دادوەری پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەشی نادیارە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین