رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥، ئارژین جوندی منداڵی تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی ئاوایی “کۆپەڕ” ی سەر بە شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئارژین جوندی و دەستبەسەریان کردووە.
شایانی باسە، تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ جۆرە زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە، لە بەردەستدا نیە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە سەر دۆخی ئەم منداڵە، داوای ڕوونکردنەوەی خێرای چارەنووسی ئارژین جوندی و لە بەرچاوگرتنی مافە یاساییەکانی بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی کەمی دەکات و هەروەها هانا داوای دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری پێویست بۆ خێزانەکەی دەکات.
