بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کەوتووە، سۆران یاری، لاوی تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵکی جەوانڕۆ، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، دوای ئەوەی ماڵی خێزانەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆدراوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بە هانا گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکان ماڵی سۆران یارییان بە ئامانجی دەستگیرکردنی گەمارۆ داوە، لە ئەنجامی ئەم دۆخە و لە ترسی دەستگیرکردن ئەو لە سەربانی ماڵەکەیان باز دەدات و لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوە قاچی شکاوە.
سەرەڕای برینداربوون و شکانی قاچی ئەم لاوە تەمەن ١٩ ساڵە، هێزە ئەمنییەکان بەهەمان بارودۆخ دەستگیریان کردووە و بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگوێزانی بدەن، ئەویان لە شوێنەکە ڕاگواستووە. لەو کاتەوە تا ئێستا بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی منداڵەکیان پێ نەگەیشتووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکە، هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر بارودۆخی سۆران یاری لە بەردەستدا نییە. هەروەها ڕوون نییە کە ئایا دوای دەستگیرکردنی بەهۆی شکانی قاچییەوە، بۆ ناوەندێکی پزیشکی گواسترابێتەوە.
