کوژرانی پووریا نادری، چالاکی کوردی یارسان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، «پووریا نادری»، چالاکی کوردی یارسانی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی کرماشان، کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی ، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان گیانی لەدەست دا.

ئەم ڕووداوە لە نێوان گەڕەکی دەرەدرێژ (شارۆچکەی مەهدیە) و شارۆچکەی جەلالیدا ڕووی داوە. بەپێی زانیارییەکانی هانا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پێش تەقەکردن، پووریا نادرییان گەمارۆ دابوو.

لە کاتی تێکهەڵچوونەکەدا، دوو کەس لە هێزە حکوومییەکانیش بریندار بوون؛ بەڵام وردەکاریی چۆنیەتیی دەسپێکی تێکهەڵچوونەکە، ئاگادارکردنەوەی ئەگەریی مەئموورەکان و دەرفەتی دەستبەسەرکردنی ناوبراو بەبێ پەنابردن بۆ هێزی کوشندە، هێشتا ناڕوونە.

پووریا نادری پێشتر لە کاتی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لەگەڵ دوو برای تری دەستبەسەر کرابوو و نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا ڕاگیرابوو.

ناوبراو دوای ئازادبوونی کاتی و ئامادەنەبوونی لە کاتی بانگکردنەکانی دواتردا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕاوەدوو دەنرا.

هانا جەخت دەکاتەوە کە مافی ژیان، مافێکی بنەڕەتییە و تەنانەت لە ئەگەری ڕوودانی تێکهەڵچوونی چەکداریشدا، بەکارهێنانی ئەنقەستی هێزی کوشندە تەنیا ئەو کاتە ڕێگەپێدراوە کە بۆ پاراستنی گیان لە بەرانبەر مەترسییەکی حەتمیدا بێت و هیچ ڕێگەیەکی تر نەمابێت؛ هەر بۆیە چەکداربوون یان ژێر چاودێریبوونی کەسێک، بە تەنیا نابێتە مۆڵەت بۆ زەوتکردنی ژیانی.

کوژرانی پووریا نادری جارێکی دیکە نیگەرانییە جیدییەکان بەرانبەر بە بەردەوامیی تەقە هەڕەمەکییەکانی مەئموورە ئەمنییەکان و پارێزبەندیی کردەییی ئەوان لە وەڵامدەرەوەبوون و سزا، لە شارەکانی کوردستاندا دەردەخات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین