بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کۆڵبەرێک بە ناوی «محەمەد تەوحیدپەنا» ٢٥ ساڵ، هاوسەردار و خەڵکی گوندی «وزمەڵە» سەر بە سەرشیوی سەقز، لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکان گیانی لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە سەربازییەکان، بێ هیچ ئاگادارکردنەوە یان هۆشدارییەکی پێشوەختە، تەقەیان لە محەمەد تەوحیدپەنا کردووە و ناوبراو دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات بە سەرکۆنەکردنی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران، جەخت دەکاتەوە بەکارهێنانی هێزی کوژەر دژی کۆلبەران، نموونەیەکە لە بەکارهێنانی سەرەڕۆیانەی هێزی کوژەر و پێشێلکردنی مافی ژیان.
