بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، میلاد مروەتی، خوێندکاری زانکۆ لە بەشی یاسا لە زانکۆی مەهاباد و خاوەنی کتێب فرۆشی هێڤی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی، هاوکات شوێنی کارەکەی ئەم شارۆمەندەیان پشکنیوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، لە جەریانی پشکنینی ئەو شوێنەدا هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە سەر کۆمەڵێک کەل و پەلی کەسی ئەم شارۆمەندەدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. تا ساتی ئامادە بوونی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەر شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە هیچ جۆرە زانیارییەک لە بەردەستدا نیە و دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە.
