دۆزرانەوەی تەرمی سروش کەرەمی دوای حەوت مانگ، ئەگەری قەتڵی حکومەتی، شاردنەوەی تەرم و سەپاندنی گێڕانەوەی ئەمنی بەسەر خێزانەکەدا

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە هانا گەیشتووە، تەرمی سروش کەرەمی، ناڕازی تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی سۆنقۆر و کولیایی، دوای شەش مانگ و نۆزدە ڕۆژ بێ ئاگایی بنەماڵەکەی و لە ئەنجامی هەڵکەندنی گۆڕ ناسراوەتەوە. ئەو ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە جەریانی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان، بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک گیانی لە دەستدابوو.

تەرمی سروش کەرەمی بە پێچەوانەی مەرجە یاساییەکانی تایبەت بە ناسنامە، تۆمارکردن و تەسلیم کردنی تەرمەکان، ڕادەستی بنەماڵەی ئەمیر عەلی حەیدەری کرا و بە ناوی ئەوەوە لە گوندی سەرئاوڵە بە خاک سپێردرابوو. دوای چەند مانگێک لە بەدواداچوون لەلایەن بنەماڵەی کەرەمی، بە ئامادەبوونی بنەماڵەکانی کەرەمی و حەیدەری نوێنەری داواکاری گشتی و پزیشکی دادوەری گۆڕەکە دەرهێنرا و ناسنامەی تەرمەکە پشتڕاستکرایەوە.

لە هەمان کاتدا ئەوە ڕوون بووەتەوە کە تەرمی ئەمیر عەلی حەیدەریش بە درێژایی ئەم ماوەیە لە گۆڕێکی بێ نیشانەدا بەبێ ناسنامەی دروست بە خاک سپێردرابوو. گواستنەوەی تەرمەکان و ناشتنی بەبێ ناسنامە و بێبەشکردنی بنەماڵەکان لە زانیاری دروست سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ناشتنی منداڵەکانیان تەنها هەڵەیەکی ئیداری نییە، بەڵکو پێشێلکردنی گەورەی مافی زانینی ڕاستی، مافی دادڕەسی کاریگەر و پیرۆزی و کەرامەتی تەرمی مردووەکەیە.

مەرگی سروش کەرەمی لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی حکومەت، لەگەڵ نەبوونی زانیاری شەفاف و پەکخستنی پرۆسەی ناسینەوە و ڕادەستکردنی تەرمەکە، گومانی جددی لە قەتڵی حکومەتی و هەوڵدان بۆ شاردنەوەی بەڵگەکانی پەیوەست بە شێوازی مردنەکە دروست دەکات. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا حکومەت پابەندە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ، سەربەخۆ، بێلایەن و کاریگەر لە تاوانبارانی تەقەکردنەکە، بڕیاردەران و ئەوانەی بەرپرسیارن لە هەڵگرتن، گواستنەوە و ناشتنی تەرمەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نزیکەکان لەو بنەماڵەیە، دامودەزگا ئەمنییەکان فشاریان خستۆتە سەر بنەماڵەی سروش کەرەمی بۆ ئەوەی ئەو وەک “هێزێکی حکومی کە لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراوە” لە قەڵەم بدەن. سەپاندنی ئەم گێڕانەوەیە ئەگەر بسەلمێنرێت، سەڵمێنەر و نموونەی ترساندنی خێزانی قوربانی، شێواندنی ڕاستییەکان، دەستکاریکردنی ناسنامەی مردووەکە و دەستوەردانێکی نایاسایی لە مافی خێزانەکە بۆ دەربڕینی ئازادانە ڕاستییەکان سەبارەت بە مردنی منداڵەکەیانە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتی ئەم دۆسیە تەنها بەو کەسە سنووردار نییە کە فەرمانی تەقەکردنی داوە. هەر بەرپرسێک یان دەزگایەک کە بەشداربێت لە دەرکردنی فەرمانەکە، شاردنەوەی زانیاری، گواستنەوەی تەرمەکان، ساختەکردنی بەڵگەنامەکان و فشارخستنە سەر خێزانەکە، پێویستە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت و لەڕێگەی پرۆسەیەکی دادوەری سەربەخۆوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

بڕیارە تەرمی سروش کەرەمی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لە ئاوایی لەنجابی سەر بە شاری سۆنقۆر و کولیایی ئەسپەردە بکرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین