بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وە هەروەها بەیاننامەی فەرمی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە، بەرە بەیانی هەینی ١٧ی ژوئیەی ٢٠٢٦، کاتژمێر شەشی بەیانی، چەندین بنکە و بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی زڕگوێزەڵە کە دەکەوێتە نزیک شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە موشەک هێرشی کراوەتە سەر.
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، لەم هێرشەدا ٩ ئەندامی کۆمەڵە گیانیان بەختکردووە و دوو کەسیش بریندار بوون کە دۆخی تەندرووستی یەکێکیان ناجێگیرە.
بەیاننامەکەی کۆمەڵە گیانبەختکردووەکانی بە پێشمەرگە ناوبردووە بەڵام لە سەر دوو بریندارەکە هیچ زانیارییەک نەخراوەتەڕوو.
ناسنامەی ڕاگەیندراوی گیانبەختکردووان بریتین لە: فەرهاد قەمەری خەڵکی دیواندەرە، سروش نەسری خەڵکی مەریوان، سینا سەفەری خەڵکی شاباد، یاسین کیانپور خەڵکی شازەند، ئەحمەد مەحمودی خەڵکی بانە، رەزا سادقی، کەسرا رەحمان نژاد، سەیوان نیکی خواز و زەکەریا فەقێ حەسەن ئاقا هەر چواریان خەڵکی بۆکان.
ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی گەیشتوو بە هانا دەریدەخات کە بەشێکی گیانبەختکردووان تازە چوونەتە ڕیزی کۆمەڵەوە و بەشدارییان لە هیچ جۆرە پێکدادان و شەڕێکی چەکداریدا نەکردووە. لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا کە ململانێ چەکدارییەکان بەڕێوەدەبات، نازناوەکانی وەک “پێشمەرگە”، “ئەندامی حزب”، یان “خۆبەخش” خۆیان لە خۆیاندا پێگەی یاسایی کەسێک دیاری ناکەن. پێوەرە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو کەسە ئەندامی هێزێکی چەکداری ڕێکخراو بووە و لە ئەرکی شەڕی بەردەوامدا بووە و ئایا لە کاتی هێرشەکەدا ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکانی کردووە یان نا. ئەو کەسانەی کە ڕۆڵێکی لەو شێوەیەیان نەگێڕاوە، مافی پاراستنی مەدەنییان هەیە.
هەروەها شەرعیەتی هێرش پەیوەستە بە سروشتی ئامانجەکە و بەکارهێنانی سەربازی و ئەو سوودە سەربازییە ڕاستەوخۆ و تایبەتەی کە چاوەڕوان دەکرێت. تەنانەت ئەگەر ئامانجەکە سەربازیش بێت، لایەنی هێرشبەر پێویستە ڕەچاوی بنەماکانی جیابوونەوە و ڕێژەیی و خۆپارێزی بکات. نزیکیی کەمپەکانی زڕگوێز لە ناوچە نیشتەجێبووەکان پێویستی بە ڕەچاوکردنی جۆر و هێزی تەقەمەنیەکان، کاتی هێرشەکە، ئەگەری هەڵبژاردنی شێوازێکی کەمتر مەترسیدار و هەڵسەنگاندنی زیانەکانی ئەگەری بۆ خەڵکی مەدەنی هەیە، و پراکتیکی سوپای پاسداران پێشێلکارییەکی ئاشکرا و بەردەوامی ئەم ڕێسا بنەڕەتیانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نیشان دەدات.
کۆمەڵە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەوەی پێی دەگوترێت شەڕی ٣٩ ڕۆژە، بنکە و بارەگاکانی نزکەی چل جار بە سەدان موشەک و درۆن بە ئامانج گیراون.
هانا وەک ڕێکخراوێکی مافی مرۆیی داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن و کاریگەر دەکات لەلایەن کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە سەبارەت بە ئەنجامدەرانی هێرشەکە، باری یاسایی قوربانییەکان، سروشتی ئامانجەکان، جۆری چەکەکان و ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی گیراونەتەبەر. ئەگەر لێکۆڵینەوەکان دەریبخەن کە کەسانی سڤیل و مەدەنی بە ئەنقەست کراونەتە ئامانج یان هێرشەکە بەو زانیارییە ئەنجامدراوە کە قوربانیانی مەدەنی ناڕێژەیی دەبێت، بەپێی بارودۆخ و سروشتی ململانێکە دەتوانێت پێشێلکارییەکی جددی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و تاوانی جەنگ بێت.

