بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، چەند کەناڵێکی تەلەگرامی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنان، زانیاریی ناسنامەیی، سووکایەتیی سێکسی و ئیدیعای نەسەلمێندراو، ئەوانیان کردووەتە ئامانجی سووکایەتی، هەڕەشە و باجگیری. بەڕێوەبەرانی هەندێک لەم کەناڵانە بۆ سڕینەوەی وێنە و بابەتە بڵاوکراوەکان، داوای دراوی دیجیتاڵییان لە قوربانییەکان کردووە. وێنەکان لە هەندێک حاڵەتدا لە لاپەڕە گشتییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بردراون و لە حاڵەتەکانی دیکەدا، وێنە و گفتوگۆ تایبەتییەکان بەبێ ڕەزامەندیی خاوەنەکانیان بڵاوکراونەتەوە.
بەرپرسانی دادوەریی پارێزگای لوڕستان ڕایانگەیاندووە کە سێ تۆمەتباری سەرەکی دەستبەسەرکراون، لقێکی تایبەت پێکهێنراوە و زیاتر لە ٢٠٠ سکاڵا تۆمارکراوە. پۆلیسی «فەتا»ش ڕایگەیاندووە کە ڕۆڵی ئەو کەسانەی کە وێنە و زانیاریی ژنانیان داوە بە بەڕێوەبەرانی کەناڵەکان، لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. هاوکات ڕاپۆرتگەلێک دەربارەی خۆئازاردان، خۆکوژی، توندوتیژیی خێزانی و کوشتن دوای بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنان بڵاوکراونەتەوە. پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەموو ئەم حاڵەتانە بە چالاکیی کەناڵەکانەوە هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ و فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام کەوتنی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لەژێر مەترسیی باجگیری، هەڕەشە، دەرکردن لە خێزان، توندوتیژیی جەستەیی و لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی، پیشەیی یان خوێندن، حاشاهەڵنەگرە.
یاساکانی ئێران بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەتی، هەڕەشە، بوختان و بڵاوکردنەوەی درۆ بە تاوان دەناسن. بەڵام، بنەمای ئەم پاڵپشتییانە نەک مافی بنەڕەتیی ژنە بەسەر جەستە، وێنە، ڕەزامەندی و حەریمە تایبەتییەکەی، بەڵکوو چەمکگەلێکی وەک عیفەت، حەیسییەت، ئابڕوو، شەڕەف و ئەخلاقی گشتییە. ئەم چەمکانە لە پێکهاتەی باوکسالارانەی یاساکانی ئێراندا زۆرجار لە پێگەی ژن لە خێزاندا و پەیوەندیی ئەو بە شەڕەفی پیاوانەوە پێناسە دەکرێن. لە دەرەنجامدا، یاسا وەک خاوەن مافێکی سەربەخۆ پاڵپشتی لە ژن ناکات، بەڵکوو پاڵپشتی لەو نەزمە دەکات کە جەستە و ڕەفتاری ژن بە بەشێک لە نامووسی خێزان و کۆمەڵگە دەزانێت.
لەم وەها پێکهاتەیەکدا، یاسا پێش ئەوەی بپرسێت ئایا ژنەکە ڕەزامەند بووە لەسەر بەکارهێنان یان بڵاوکردنەوەی وێنەکەی، دەپرسێت ئایا وێنەکە تایبەت بووە، ئایا ئابڕووی خێزان زیانی بەرکەوتووە و ئایا ڕەفتارەکە لە ڕووی نەریتەوە بووەتە هۆی سووکایەتی بە حەیسییەت یان نا. بەم شێوەیە، ڕەزامەندیی ژن و دەسەڵاتی تاقانەی ئەو بەسەر جەستە، وێنە و ژیانی تایبەتی خۆیدا، بابەتی سەرەکیی یاسا نییە. تەنانەت گشتیبوونی وێنەیەکیش ڕەنگە بە جۆرێک لێکبدرێتەوە کە وەک بڵێی ژنەکە بەشێک لە دەسەڵاتی خۆی بەسەر شێوازی بەکارهێنانی ئەو وێنەیەدا لەدەستدابێت، لە کاتێکدا بڵاوکردنەوەی گشتیی وێنەیەک هەرگیز بە واتای ڕەزامەندی بۆ سووکایەتیی سێکسی، ساختەکاری، هەڕەشە یان قۆستنەوەی دارایی نییە.
ئەم لاوازییە، تەنیا دەرەنجامی دواکەوتنی تەکنیکیی یاسا بەرانبەر بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە؛ بەڵکوو بابەتەکە بۆ بنەما ئایدیۆلۆژیک و فیقهییەکانی یاسادانان لە کۆماری ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە. بەپێی ئەسڵەکانی ٤ و ١٢ی یاسای بنەڕەتی، یاسا و ڕێساکان دەبێت لەسەر بنەمای پێوەرە ئیسلامییەکان و خوێندنەوەی فەرمیی فیقهی جەعفەری ڕێکبخرێن و لێکبدرێنەوە. لە وەها پێکهاتەیەکدا، تێگەیشتنی یاسادانەر لە ژن بە شێوەیەکی مێژوویی لەژێر کاریگەریی چەمکگەلێکی وەک عەورەت، نامووس، تەمکین، قەوامەی پیاو، ویلایەتی باوک و دەسەڵاتی مێرد بووە.
ژن لەم مەنتیقەدا، «ئۆبژە»ی نەزمی ئەخلاقی، خێزانی و سێکسییە، نەک «سووژە»یەکی سەربەخۆ و خاوەن ماف. جەستەی ئەو بابەتی ڕێکخستن، داپۆشین، سنووردارکردن و چاودێریی حکوومییە، بەڵام دەسەڵاتی ئەو بەسەر هەمان جەستەدا وەک مافێکی سەربەخۆ بەڕەسمی ناناسرێت. ژن کاتێک پۆشاکی خۆی هەڵدەبژێرێت، دەبێتە بابەتی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی پۆلیس و یاسای سزایی، بەڵام کاتێک وێنە، جەستە یان ناسنامەی دەبێتە ئامرازی باجگیری و توندوتیژی، پاڵپشتیی یاسا بەستراوەتەوە بە سەلماندنی زیان، سووکایەتی بە حەیسییەت و بەدواداچوونی تاکەکەسیی خۆی.
لە ڕوانگەی ڕەخنەی یاسایییەوە، یاسا لێرەدا ناوەندێکی بێلایەن نییە کە تەنیا لە جێبەجێکردنی پاڵپشتی لە ژناندا شکستی هێنابێت. خودی یاسا لە بەرهەمی هەمان پێکهاتەی دەسەڵاتدا بەشدارە کە توندوتیژی دژی ژنان بە گونجاو و کاریگەر دەکات.باجگیرەکان تەنیا وێنەکان بەکار ناهێنن؛ ئەوان سوود لە ترسی ژن لە باوک، مێرد، برا، خێزان، ژینگەی کار و ناوەندە حکوومییەکان وەردەگرن. دەسەڵاتی هەڕەشەی ئەوان لە کۆمەڵگەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە جەستەی ژن بە هەڵگری شەڕەفی پیاوانە دەزانێت و لە یاسایەکەوە هێز دەگرێت کە هەمان تێڕوانین لە چوارچێوەی عیفەت، نامووس و حەیسییەتدا دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دەستدرێژی بۆ سەر وێنەی ژن وەک پێشێلکردنی خاوەندارێتی و دەسەڵاتی ئەو بەسەر جەستە و ناسنامەی خۆیدا لێکنادرێتەوە. ژن دەبێت سەرەتا بسەلمێنێت کە ئابڕووی زیانی بەرکەوتووە، وەک بڵێی بابەتی سەرەکی هەڵسەنگاندنی ئەخلاقیی کۆمەڵگەیە دەربارەی ئەو، نەک زەوتکردنی دەسەڵاتی ئەو بەسەر وێنە و ژیانی تایبەتی خۆیدا. وەها یاسایەک لە جیاتی تێکدانی پەیوەندییە باوکسالارانەکان، هەمان ئەو پێوەرانە بەڕەسمی دەناسێت کە قوربانییەکە دەخەنە بەر لۆمە، دەرکردن و توندوتیژی.
دژایەتییە سەرەکییەکە لەوەدایە کە کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پۆشاکی ژنان، بەبێ هەبوونی قوربانی، زیان یان سکاڵاکاری تایبەت، پۆلیس، داواکاری گشتی، کامێرا و سزا بەکاردهێنێت. بەڵام کاتێک جەستە و وێنەی ژن دەبێتە ئامرازی سووکایەتی، هەڕەشە، باجگیری و هاندانی توندوتیژیی خێزانی، یاسا وەک کاردانەوەی پچڕپچڕ و سکاڵاتەوەر دەمێنێتەوە.
ئەم دۆسیەیە نیشانی دەدات کە یاسادانان لە کۆماری ئیسلامیدا نامووستەوەرە، نەک مافتەوەر. ئەوەی لە چەقی پاڵپشتیدایە، ڕێکخستنی ئەخلاقیی خێزان، دەسەڵاتی پیاوانە و خوێندنەوەی فەرمییە بۆ عیفەت، نەک خودموختاریی جەستەییی ژن، ڕەزامەندیی ئەو و پارێزراوبوونی لە دەستدرێژی. شەڕەفی پیاوانە خاوەنی زمانێکی یاسایییە، بەڵام خاوەندارێتیی ژن بەسەر جەستە و وێنەی خۆیدا هێشتا فاقدی پێگەیەکی سەربەخۆ و بنەڕەتییە لە پێکهاتەی یاساییی ئێراندا.
دەستبەسەرکردنی تۆمەتباران ڕەنگە چالاکیی تۆڕێکی دیاریکراو ڕابگرێت، بەڵام ئەو پێکهاتەیە ناگۆڕێت کە جەستەی ژنی خستووەتە ژێر خاوەندارێتیی ڕەمزیی خێزان و حکوومەتەوە. تا ئەو کاتەی ژن وەک سووژەیەکی سەربەخۆی یاسایی و خاوەنی تەواوی جەستە، وێنە و بڕیارە تایبەتییەکانی خۆی نەناسرێت، یاسا هێشتا لە کۆنتڕۆڵکردنی ژناندا بەهێز و لە پاراستنیان لە بەرانبەر توندوتیژیدا دەستەوەستان دەمێنێتەوە.
