بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥، ڕاشد ئیمامی، لەدایکبووی ١٣٧١، ئەندازیاری تەکنیکی (نەخشەبەرداری) و هونەرمەندی خەڵکی پاوە، لەگەڵ هاوسەرەکەی شلێر مودیرزادە، تەمەن ٣١ ساڵ و ئەندازیاری تەکنیکی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارەدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن هاناوە پشتڕاست کراونەتەوە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم خێزانە و ڕاشد ئیمامییان بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بەبێ خستنەڕووی بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کردووە. چەند کاتژمێرێک دواتر و لە ئاوابوونی خۆری هەمان ڕۆژدا، مەئموورەکان دووبارە چوونەتەوە سەر ماڵەکەیان و شلێر مودیرزادەشیان بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار هەناردەیان کردووە.
لەسەر بنەمای زانیارییە وەرگیراوەکان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشکەشکردنی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن یان ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، ئەم خێزانەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن یان دۆخی ئەوان بە بنەماڵەکەیان نەدراوە. بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم دوو هاووڵاتییەش بۆ ئاگادەبوون لە چارەنووسیان تا ئێستا ئەنجامێکی نەبووە.
ڕاشد ئیمامی پێشتریش لە کاتی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە سەرماوەزی ١٤٠١، لەگەڵ محەمەد ئیمامیی برایدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
