ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕادەگەیەنێت کە لە دوای سکاڵای پارێزەری بنەماڵەکانی پێژمان فاتیحی، موحسین مەزلووم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی، ناسراو بە هەژیر فەرامەرزی، چوار بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو، گرووپی کاری بێسەروشوێنکراوانی زۆرەملێ یان ناچارەکیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە قبووڵکردن و لێکۆڵینەوە لەم سکاڵایە، دۆخی ئەوانی وەک بەردەوامیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ تاوتوێ کردووە و داوای لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە چارەنووس، دۆخی تەرمەکان و شوێنی بەخاکسپاردنیان ڕوون بکاتەوە.
ئەم هەنگاوە لە بارودۆخێکدا نراوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، بەرپرسانی دادوەری و ئەمنیی کۆماری ئیسلامی هێشتاش لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان بە بنەماڵەکانیان، ڕاگەیاندنی شوێنی بەخاکسپاردن و پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی فەرمی و جێی متمانە سەبارەت بە گیانلەدەستدانیان خۆ دەپارێزن.
پێژمان فاتیحی، موحسین مەزلووم، وەفا ئازەربار و هەژیر فەرامەرزی لە پووشپەڕی ١٤٠١ لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گوازرانەوە. ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە ئەندامی حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون و ئەم حزبە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە خرابوونە پاڵیان، ڕەت کردبووەوە.
بنەماڵەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە شوێنی ڕاگرتن، دۆخی یاسایی، پرۆسەی لێپێچینەوە و بارودۆخی دەستبەسەرکرانیان بێئاگا بوون و لە دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە زانیارییە فەرمییەکان و پرۆسەی یاسایی بێبەش کران.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە هانا، ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردن، لێپێچینەوە و دادگاییکردندا لە کەمترین گەرەنتییەکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بێبەش بوون. دانپێدانانە تەلەفزیۆنییەکانی ئەوان لە دۆخێکدا بڵاو کرایەوە کە بنەماڵەکانیان و سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەوەیان بە ئەنجامی گوشار، ئەشکەنجە و پرۆسە ئەمنییەکان زانیوە. سەرەڕای ئەمەش، حوکمەکانی سێدارەی ئەوان لە پرۆسەیەکی ناڕوون و بەبێ بوونی پێوەرە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنی سزاییدا دەرچوو.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢، ڕایگەیاند کە حوکمی سێدارەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە لە بەندیخانەی قەزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بنەماڵەکانیان نەک هەر لە مافی دوایین دیدار، بەخاکسپاردن و شینگێڕان بێبەش کران، بەڵکوو تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی تەرمەکانی ڕادەست نەکردوونەتەوە، شوێنی بەخاکسپاردنی ڕانەگەیاندوون و بڕوانامەی فەرمی و باوەڕپێکراوی سەبارەت بە گیانلەدەستدان و شوێنی بەخاکسپاردنیان پێشکەش نەکردوون.
بەپێی وتەکانی پارێزەری بنەماڵەی قوربانییەکان، قبووڵکردنی سکاڵای بنەماڵەکان و ڕەوانەکردنی بابەتەکە بۆ حکومەتی ئێران لەلایەن گرووپی کاری بێسەروشوێنکراوانی زۆرەملێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیشاندەری گرنگیی یاسایی ئەم دۆسیەیەیە و ناساندنی دۆخی ئێستایە وەک بەردەوامیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەش. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ڕاگەیاندنی لەسێدارەدان لەلایەن حکومەتەوە، بە تەنیا نابێتە هۆی کۆتاییهاتنی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ؛ تا ئەو کاتەی تەرمی قوربانییەکان، شوێنی بەخاکسپاردن، بەڵگەنامە فەرمییەکانی کۆچی دوایی و ڕاستیی تەواو سەبارەت بە چارەنووسیان ڕوون نەبێتەوە، ئەم پێشێلکارییە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە مافی بنەماڵەکان بۆ ئاگاداری لە ڕاستی، مافێکی بنەڕەتی و لێنەسەنراوە. بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە مافی خۆیانە بزانن ئازیزانیان لە ژێر چ جۆرە بارودۆخێکدا دەستبەسەر، ڕاگیراو، دادگایی و لەسێدارەدراون، تەرمی ئەوان لە کوێ بەخاکسپێردراوە یان ڕاگیراوە و کام بەرپرسان لە دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان، دەرکردنی حوکم، جێبەجێکردنی سێدارە و شاردنەوەی تەرمەکانیاندا دەستیان هەبووە.
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە یاسای نێودەوڵەتیدا، پێشێلکارییەکی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤە و لە ڕیزی تاوانە نێودەوڵەتییەکاندایە، وە لە ئەگەری ئەنجامدانی بە شێوەیەکی بەربڵاو یان ڕێکخراو، دەکرێت لە چوارچێوەی تاوان دژی مرۆڤایەتیشدا تاوتوێ بکرێت.
ئەم تاوانە تا ئەو کاتەی چارەنووس و شوێنی قوربانییەکە بە تەواوی ڕوون نەبێتەوە کۆتایی نایەت و بەسەرچوونی کاتی یاسایی نایگرێتەوە.
