درێژەی دەستبەسەربوونی سەرەڕۆیانەی و بێ چارەنووسی زەهرا محەمەدوەلی لە زیندانی ئیلام

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دوای تێپەڕبوونی پێنج هەفتە لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی زەهرا محەمەدوەلی، هاووڵاتیی ٢٧ ساڵە کورد، هێشتا لە زیندانی ناوەندیی ئیلام لە دۆخی بێ چارەنووسی دایە و بەردەوام لێپرسینەوەی لێ دەکرێ.

بەپێی زانیارییەکانی هانا، زەهرا محەمەدوەلی ، خەڵکی ئاودانان و دانیشتووی دێلۆڕان، ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥، بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دوای تەواوبوونی قۆناغی سەرەتایی لێپرسینەوە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواستراوەتەوە، بەڵام تائێستاش هەر لە ژێر لێپرسینەوەی بەردەوام دایە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەرکردن یان دۆخی دۆسیەکەی بەردەست نییە.

هەروەها، زەهرا محەمەدوەلی لە کاتی دەستبەسەرکردنی تا ئێستا، لە مافی دەستگێشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بنەماڵەی بێبەش بووە و تەنیا پەیوەندیی تەلەفۆنیی سنوورداری لەگەڵ بنەماڵەی هەبووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین