ئازادبوونی سەحەر مەهدی دوای ٦٤ ڕۆژ دەستبەسەری لە سەقز

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەحەر مەهدی، ٣٢ ساڵە خەڵکی سەقز، ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ دوای ٦٤ ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سەقز ئازاد بوو.

بەپێی زانیارییەکانی هانا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ هێرشیان کردووتە سەرماڵی ناوبراو، بەبێ بەڵگە و بڕیاری دادگا یان هەر بەڵگەیەکی یاسایی، دەستبەسەر یان کردوە. هێزە ئەمنیەکان هەروەها دەستیان بە سەر مۆباییلی خۆیی و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی دا گرتووە.

سەحەر مەهدی دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی سەقز و تا کاتی ئازادبوونی لە دۆخ و چارەنووسی نادیار دابووە. ئەڵبەت بڕیاری ئازادکردنی بە دانانی بارمتە درابوو ، بە ڵام جێبەجێکردنی تا ئەمڕۆ دواخرا و دەستبەسەربوونی بۆ ماوەی ٦٤ ڕۆژ درێژ بووە .

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا درێژەی دەستبەسەرکردنی سەحەر مەهدی، لە کاتێکدا کە بڕیاری ئازادبوونی بە دانانی بارمتە هەبووە، بە پێچەوانەی بنەماکانی دادپەروەریی و مافی ئازادیی تاکەکەسی دەزانێت. دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان بێ بڕیار و بەڵگە یاساییی و ڕاگرتنیان لە دۆخی نادیاری چارەنووسی درێژخایەن، نموونەێکی نیگەرانکەرەی پێشێلکردنی مافی بنەڕەتیی هاووڵاتییانە.

هانا داوای ڕەچاوکردنی تەواوی ڕێوشوێنە یاسایییەکان و کۆتاییهێنان بەو ڕێکارانە دەکات کە ئەمنیەتی دادگایی و مافە بنەڕەتییەکانی تاکەکان دەخەنە مەترسییەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین