بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سروش کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی کرماشان کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ دەستبەسەر کرابوو، دوای زیاتر لە پێنج مانگ ڕاگرتنی لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، بۆ بەشی ئەمنیی بەندیخانەی دێزڵاوای ئەم شارە گوازراوەتەوە و تۆمەتی «مۆحارەبە» (دژایەتیکردنی خودا)ی پێ ڕاگەیەندراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سروش کەرەمی دوای دەستبەسەرکرانی، بۆ ماوەی پێنج مانگ و ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگیراوە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بۆ بەشی ئەمنیی بەندیخانەی دێزڵاوا گوازراوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند کە دۆسیەکەی لە لقی ١٦ی لێکۆڵینەوەی کرماشان لێکۆڵینەوەی لێکراوە و لەم دواییانەدا بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە، ڕەوانەی یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی کرماشان کراوە. هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی دێزڵاوا، تۆمەتی «مۆحارەبە»شی پێ ڕاگەیەندراوە.
سروش کەرەمی لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانە، لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگیرابوو. لەم ماوەیەدا، بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکی دروستیان لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی نەبوو و بەدواداچوونەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و پرۆسەی دۆسیەکەی بێئاکام مابووەوە.
