لەسێدارەدانی دوو لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە زیندانی ناوەندیی شاھڕۆد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٦ی ژوئینی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی دوو گەنجی ناڕازی بە ناوەکانی «جەواد زەمانی» و «ئەبولفەزل ساعیدی» تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاھڕۆد، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەم دوو هاووڵاتییە کە هەردووکیان تەمەنیان لە خوار ٢٥ ساڵ بووە، لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی بەفرانباری ١٤٠٤ بوون. ناوبراوان لەلایەن دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتە هەڵبەستراوەکانی «موحارەبە» و «ئەفساد فی‌ئەرز» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو و حوکمەکانیان لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرابووەوە. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بنەماڵەی ئەم دوو زیندانییە تەنیا ڕۆژێک پێش جێبەجێکردنی سزاکە، بۆ ئەنجامدانی دوایین چاوپێکەوتن بۆ زیندان بانگهێشت کرابوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕایگەیاند کە جەواد زەمانی و ئەبولفەزل ساعیدی لە قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کرابوون. هەروەها بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ناوبراوان لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر توندترین جۆری گوشار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بوون؛ ئەو دانپێدانانانەی کە بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پرۆسەی دەرکردنی سزای سێدارە بۆیان.
هانا وێڕای شەرمەزارکردنی جێبەجێکردنی ئەم سزایانە، جەخت دەکاتەوە کە دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەو دۆسیانەی کە تێیاندا ڕاپۆرتی زۆر لەسەر پێشێلکردنی بنەماکانی دادرەسیی دادپەروەرانە، بێبەشکردن لە پارێزەری سەربەخۆ و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ هەیە، پێشێلکردنی ئاشکرای پێوەرە بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژیانە. ئەم ڕێکخراوە هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە بەردەوامیی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لە پەیوەندی بە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکانەوە دەردەبڕێت و داوای پابەندبوونی ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان بە بەڵێننامە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەرەنتی کردنی مافی تۆمەتباران و دادرەسیی دادپەروەرانە دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین