بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٥، پوریا وەلیزادە، ٢٢ ساڵە خەڵکی بیجاڕ، لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە بە شێوەی توندئاژۆیانە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
، هێزە ئەمنییەتیەکان بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا ، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بیجاڕ هێرشیان کردووەتە سەر ئەم هاوڵاتییە و پاش لێدان و بەکارهێنانی توندوتیژی جەستەیی، بە زۆرەملێ خستوویانەتە ناو ئۆتۆمبێلێک و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. پوریا وەلیزادە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە تۆمەتی «بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو» لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کەوتووەتە ژێر فشار و لێپرسینەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەرکردن، شوێنی راگرتن و دۆخی ناوبراو بڵاونەکراوەتەوە و تا ئێستا سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی، چارەنووس و شوێنی راگرتنی نادیارە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات نیگەرانیی جدیی خۆی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی توندئاژۆیانەی پوریا وەلیزادە و دريژەی نادیاری چارەنووس و شوێنی راگرتنی دەردەبڕێ و ،جەخت دەکاتەوە کە بەکارهێنانی توندوتیژی جەستەیی لە کاتی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان، بە تایبەتی لەو حاڵەتانەی کە بەبێ بڕیاری دادگا و لە دەرەوەی چوارچێوە یاسایییەکان ڕوودەدات، پێشێلکردنی مافی ئازادی و ئەمنیەتی تاکەکەسییە و لەگەڵ بنەمای کرامەتی مرۆڤدا ناکۆکە. هانا هەروەها ئاماژە دەکات کە بێبەشکردنی بنەماڵەکان لە زانیاری سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی راگرتنی دەستبەسەراوان، دەبێتە هۆی پێشێلکردنی زیاتری مافەکانیان و مەترسیی هەڵسوکەوتی خراپتر و نایاسایی لە ماوەی دەستبەسەربووندا زیاد دەکات.
