ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٣ی ژوئینی ٢٠٢٦)، «سۆهەیلا مۆتاعی»، چالاکی مەدەنی و داکۆکیکاری مافی ژنانی خەڵکی دێولان، دوای بانگهێشتکردنی بۆ یەکەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی دادسەرای گشتی و شۆڕش، دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنە (کانوونی چاکسازی و پەروەردە) گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، خانمی مۆتاعی پێشتر لە ڕەشەممەی ١٤٠٤دا، هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کورد لە ئاستانەی ڕۆژی جیهانیی ژندا (٨ی مارس)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سنە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ئەم چالاکە مەدەنییە پاشان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تۆمەتگەلێکی وەک «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» و «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکان» سزای بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو کە ئەم حوکمە لە قۆناغی پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە و ئێستا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سۆهەیلا مۆتاعی یەکێک لە کەسایەتییە چالاکەکانی بواری مەدەنی و مافی ژنانە لە شاری دێولان کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی پێداگری لەسەر داخوازییە مافی مرۆیییەکان و چالاکییە خۆبەخشە کۆمەڵایەتییەکانی، چەندین جار ڕووبەڕووی بانگهێشت، دەستبەسەرکردن و دۆسیەسازیی ئەمنی لەلایەن ناوەندە حکوومییەکانەوە بووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوەی دادوەری و بەندکردنی چالاکانی مەدەنی بە نموونەی بەرچاوی پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ڕێکخراوەیی دەزانێت و داوای کۆتاییهێنان بە سیاسەتی سەرکوتی چالاکانی مافی ژنان لە کوردستان دەکات.
