ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاوکات هاوخەمی خۆی بۆ کوژرانی چیمن حوسێنزادە، ژنە کوردی خەڵکی بۆکان، و کچە ١٥ ساڵەکەی سارا یوسفی لە ویلایەتی سەرپۆڵی ئەفغانستان دەر دەبڕێ و ئەم تاوانە بە توندی مەحکووم و شەرمەزار دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی هانا، چیمن حوسێنزادە بیست ساڵ پێش لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەفغانی هاوسەرگیری کردووە و لە گوندی غەلدووری سەر بە ناوچەی کوهستانات لە ویلایەتی سەرپۆڵ نیشتەجێبووە ، لەگەڵ کچە مێردمنداڵەکەیدا لەلایەن موفتی محەممەدئەڵڵا، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی حەج و ئەوقافی تاڵەبان لەو ناوچەیە، کوژراون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم بەرپرسەی تاڵەبان پێشتر داوای هاوسەرگیری لە سارا یوسفی کردبوو ، لە ١٨ی گولانی ١٤٠٥ چووەتە ماڵی ئەو خێزانە و هەوڵی داوە سارا بە زۆر لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام دایکی نەێهێشتووە . بەپێی ڕاپۆرتەکان پاش ئەوە ، موفتی محەممەدئەڵڵا بە چەکی گەرم چیمن حوسێنزادە و کچەکەی کوشتووە. تاوانباری ئەم ڕووداوە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە لەلایەن هێزەکانی تاڵەبانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەم دۆسیە نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی مافی ژیان، ئەمنیەتی تاکەکەسی و کرامەتی مرۆیی ژنان و کچانە و دەکرێت بە نموونەیەک لە توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز و بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات بۆ مەبەستی تاکەکەسی پێناسەبکرێت. دەستبەسەرکردنی تۆمەتبار ناتوانێت پێویستی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، کاریگەر و ڕوون کەم کاتەوە .
هانا هەوڵی داوە زانیاریی زیاتر لەم دۆسیە بەدەست بهێنێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە ڕەوتی دادگایی، دۆخی تۆمەتبار، جۆری تۆمەتەکان و هەنگاوەکان بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری لەبەردەست نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەروەها نیگەرانیی خۆی لە بێدەنگی و بێکرداری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارەوە دەردەبڕێت. چیمن حوسێنزادە هاووڵاتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و بەرپرسانی ئێرانی، بەبێ گوێدان بە شوێنی ڕوودانی تاوان، پێویست بوو هەموو توانای یاسایی، کۆنسولی و دیپلۆماسیی خۆیان بۆ بەدواداچوونی دۆخی قوربانییەکان، داواکردنی ڕاستی، دڵنیابوون لە وەڵامدانەوەی تاوانباران و پاراستنی مافەکانی بنەماڵەکەیان بەکاربهێنن.
بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ هەنگاوێکی کاریگەر و کرداری یان هەڵوێستێکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەبارەت بە ئەم دۆسیە نەبینراوە. ئەمە لەو ڕووەوە زیاتر جێی نیگەرانییە کە لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حوکمڕانیی تاڵەبان فراوان بوونەوە و چاوەڕوان دەکرا بەرپرسانی ئێرانی لەم توانایە بۆ پاراستنی مافەکانی یەکێک لە هاووڵاتییەکانی خۆیان سوود وەربگرن.
بێدەنگیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر کوشتنی ژنێکی کوردی ئێرانی و کچە مێردمنداڵەکەی، پرسیارگەلێکی گرنگ سەبارەت بە پابەندیی ئەم دامەزراوانە بە ئەرکی پاراستن لە بەرامبەر هاووڵاتییەکانیان، بە تایبەتی هاووڵاتییە کوردەکان، دروست دەکات. نەبوونی بەدواداچوونی کاریگەر بۆ ئەم دۆسیە دەکرێت وەک نموونەیەک لە کەمتەڕخەمی کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی دەوڵەت لە پاراستنی هاووڵاتییەکانی خۆی پێناسەبکرێ.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری چیمن حوسێنزادە و سارا یوسفی دەردەبڕێت و داوای ڕوونکردنەوەی تەواوی ئەم تاوانە، دڵنیابوون لە دادگایییەکی دادپەروەرانە، وەڵامدانەوەی تاوانباران و هەروەها ڕوونکردنەوەی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەبارەت بە هەنگاوە کرداریەکان یان هۆکاری نەبوونی بەدواداچوونی ئەم دۆسیە دەکات.
