ڕەسووڵ یادیار سزای ٩ ساڵ بەندکران و دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵاتی بەسەردا سەپا


بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، “ڕەسووڵ یادیار”، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “مەهدی فەخری”، سەرجەم سزای ٩ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵاتی بەسەردا سەپا؛ کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری جێبەجێ دەکرێت.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دانیشتنی پێڕاگەییشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە دادگای شۆڕشی بۆکان بەڕێوە چوو. ناوبراو بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان» سزای پێنج ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» سزای ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «لکاندن و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە» سزای سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپاوە.
ئەم سەرچاوەیە گوتیشی کە دادگا هەروەها وەک سزای تەواوکاری (مجازات تکمیلی)، ڕەسووڵ یادیاری بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونەدەرەوە لە وڵات قەدەغە کردووە. بەڵام بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، تەنیا قورسترین سزا (پێنج ساڵ بەندکران) لەگەڵ سزای تەواوکارییەکە جێبەجێ دەکرێت.
ڕەسووڵ یادیار، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی «گوێکتەپەی سیمینە» و نیشتەجێی گوندی «ناچیت»ی سەر بە شاری بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترابووەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر ڕاپۆرتی دابوو کە ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەریدا کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی و لە ئەنجامدا لوتی شکاوە و زیان بە شەویلکە و ددانەکانی گەیشتووە. ناوبراو هەروەها لە تەواوی ماوەی دەستبەسەریدا تا کاتی گواستنەوەی بۆ زیندان، لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
ڕەسووڵ یادیار سەرەنجام لە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بە دانانی بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە زیندانی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین