خۆکوژیی پزیشکێکی لاوی ڕێزیدێنتی دڵ لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە خەم و پەژارە و نیگەرانیی قووڵەوە، هەواڵی گیانلەدەستدانی دکتۆر “محەممەد ئەکبەری”، پزیشکی ڕێزیدێنتی دڵ لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشانی لە ئەنجامی خۆکوژیدا پێ گەیشتووە.
ئەم کارەساتە مرۆییە ناتوانرێت تەنیا وەک ڕووداوێکی تاکەکەسی سەیر بکرێت. مردنی بەژانی ئەم پزیشکە لاوە لە نێو جەرگەی قەیرانێکدا ڕووی داوە کە تێیدا جەنگ، بارودۆخی سامناکی ئابووری، گوشارە ئەمنییەکان، داڕمانی بژێوی، جیاکاری، نادادی، شەکەتیی دەروونی و دۆخی نالەباری پزیشکان و ڕێزیدێنتەکان لە ئێران بەیەکەوە گرێ دراون.
هانا جەخت دەکاتەوە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بە پەرەپێدانی سەرکوت، ناکارامەیی بونیادی، بێباکی بەرانبەر بە کەرامەتی مرۆیی و دەستەوەستانی لە دابینکردنی کەمترین مەرجەکانی ژیان و ئاسایشی پیشەییی هاووڵاتییان، بە کردەوە توانای فەرمانڕەوایییەکی بەرپرسانەی لەدەست داوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی خراونەتە ڕوو، سنووردارکردنی ناڕەوا و سەڵایەقی، ئازار و چەوساندنەوەی پیشەیی و دەروونی، جیاکاری و کەشی بەڕێوەبەریی زاڵ بەسەر زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان و ئەو ناوەندەی کە لەژێر سەرپەرشتیی “عەلی سرووش”دایە، لەو هۆکارانەن کە دەبێت بە شێوەیەکی خێرا، سەربەخۆ و شەفاف لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.
هانا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە، هاوڕێیان و هاوپیشەکانی دکتۆر ئەکبەری، کۆماری ئیسلامی و ناوەندە بەرپرسەکان بەرانبەر بەم دۆخە کارەساتبارە بە وەڵامدەر دەزانێت و داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، پاڵپشتیی خێرا لە تەندروستیی دەروونیی ڕێزیدێنتەکان و کۆتاییهێنان بە کەشی ئەمنی، هەڵاواردن و ماندووکەر لە سیستەمی دەرمان و پەروەردەی پزیشکیی وڵات دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین