کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتە وه دەستبەسەر کران

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە هێرشێکی هاوکات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی “کەژاڵ ڕەحمانی” و “دانیال ڕەحمانی” لە شاری کامیاران، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکان، ئەم خوشک و برایەیان دەستبەسەر کردووە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن، ئەو ناوەندەی بەرپرسیارە لە دۆسیەکەیان و دۆخی یاسایییان لەبەردەستدا نییە.
کەژاڵ ڕەحمانی، چالاکی مەدەنی و پەرستاری پێشووی نەخۆشخانەی سینای کامیاران، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە کامیاران و سنە بانگهێشت کراوە و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە. ناوبراو هەروەها لە پاییزی ١٣٩٨دا بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لە شوێنی کارەکەی دەرکرا.
دانیال ڕەحمانی، خوێندکاری ئەندازیاریی کۆمپیوتەر لە زانکۆی ئازادی سنە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە کامیاران بانگهێشت کراوە و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە.
کەژاڵ و دانیال ڕەحمانی ئەندامی بنەماڵەیەکی دادخوازن لە کوردستان. برایەکی ئەوان بە ناوی “جەمال ڕەحمانی”، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، لە ساڵی ١٣٩٧دا لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر کوژرانیدا، بنەماڵەی ڕەحمانی هێشتا لە شوێنی نێژران و چارەنووسی تەرمەکەی بێ‌ئاگان. ئەم بنەماڵەیە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بۆ بەدواداچوونی دۆخەکە و ئاگاداربوون لە شوێنی نێژرانی جەمال ڕەحمانی سەردانی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانیان لە شارەکانی کامیاران و سنە کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.
هەروەها “ڕێبین ڕەحمانی”، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی “تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان”ە.
دەستبەسەرکردنی هاوکاتی ئەم دوو ئەندامەی بنەماڵەی ڕەحمانی لە کاتێکدایە کە ئەم بنەماڵەیە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی بەدواداچوونی چارەنووسی جەمال ڕەحمانی و چالاکییە مەدەنی و مافی مرۆیییەکانی ئەندامانی، چەندین جار ڕووبەڕووی گوشار و بانگهێشتی ئەمنی بوونەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرانبەر بە دەستبەسەرکردنی کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی و بەردەوامیی بێدەنگی لەسەر دۆخیان، جەخت دەکاتەوە کە ڕاگرتنی کەسانی دەستبەسەرکراو لە بارودۆخێکدا کە بنەماڵە و پارێزەرەکانیان لە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی دۆسیەکەیان بێ‌ئاگا بن، زەمینەسازە بۆ پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی دەستبەسەرکراوان و دژی بنەماکانی دادرەسیی دادپەروەرانەیە. هانا داوای ڕوونکردنەوەی دەستبەجێی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە، گەرەنتی کردنی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر و بنەماڵە، و ڕەچاوکردنی تەواوی مافە یاسایییەکانیان دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین